ئینتەر مەیامی راستی پەیوەندیكردنی مێسی بە سعودیەوە ئاشكرا دەكات
یاریگا –
رافایل كابریێرا، بەڕێوەبەری میدیایی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریكی راستی داونستانەكان لەلایەن بەرپرسانی خولی سعودیە بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی و یانەكەیان ئاشكرا كرد.
لە دوای شكستهێنانی ئینتەر مەیامی بە گەیشتنیان بە قۆناخی پاڵاوتنەكانی خولی ئەمریكی دەنگۆی رۆیشتنی لیۆ مێسی لە یانەكەیان بڵاوبوویەوە.
ئینتەر مەیامی نەیتوانی بگاتە قۆناخی پاڵاوتنەكان بۆ یارییە كۆتاییەكانی خولی ئەمریكی
رۆژنامەكان دەنگۆی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی بە شێوەی خواستن و گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا یاخود پەیوەندیكردنی بە خولی سعودیەوە ئاشكرا كرد و لەو بارەیەوە ئێدوارد رۆمیۆ جێگری سەرۆكی بارسێلۆنا باس لە گەڕانەوەی ئەفسانەكەیان دەكات ( درێژەی بابەت ).
رافایل كابریێرا لە لێدوانێكیدا كە رۆژنامەی ریازیەی سعودی بڵاویكردووەتەوە ووتی:
ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بڵاوكرایەوە بە تەواوی نادرووستە، ئەم هەواڵەش تەنیا دەنگۆیە، هیچ كەسێك پەیوەندی بە بەرپرسانی یانە ئەمریكیەكەوە نەكردووە بۆ گواستنەوەی لیۆ بۆ خولی رۆشنی سعودی.
ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە لە ئینتەر مەیامی دڵخۆشە، هیچ پلانێكیشی بۆ جێهێشتنی یانەكە نیە و بە شێوەیەكی ئاسایی بەردەوام دەبێت.
لە گواستنەوەكانی هاوینی رابردوودا یانەی هیلالی سعودی بە جدی هەوڵی گواستنەوەی ئەفسانە ئەرجەنتینیەكەی دەدا، بەڵام دواجار لیۆ پەیوەندیكردنی بە ئەمریكا و ئینتەر مەیامیەوە هەڵبژارد.
لە 11 یاریدا لەگەڵ مەیامی مێسی ئاستێكی بەرزی پێشكەشكرد و توانی 11 گۆڵ بكات و 5 گۆڵیش درووست بكات.