جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا باسی گەڕانەوەی مێسی دەکات
یاریگا –
ماوەیەکە زۆر باس لە پەیوەندیکردنی لیۆنێل مێسی بە بارسێلۆنا یاخود یانەیەکی سعودی بە شێوەی خواستن دەکرێت.
ئێدوارد رۆمیو، جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا دووپاتیدەکاتەوە، گەڕانەوەی مێسی کارێکی زۆر گەورە دەبێت، بەڵام رەتیکردەوە باس لە ئەگەرەکانی گەڕانەوەی بکات.
مێسی لە ساڵی 2021 ریزەکانی بارسای جێهێشت و پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، لە هاوینی رابردووشدا، زۆر هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی مێسی بۆ بارسا درا، بەڵام لە کۆتاییدا پەیوەندی بە ئینتەر مەیامییەوە کرد.
لە دوای شکستی مەیامی لە گەیشتن بە قۆناخی یارییەکانی پلەی ئۆفی خولی ئەمریکی، لە دوای 21ی ئەم مانگەوە تاوەکو کۆتاییەکانی مانگی شوبات مەیامی بەشداری هیچ یارییەکی فەرمی ناکات، بۆیە ئێستا باس لە گواستنەوەی بە خواستن بۆ بارسا دەکرێت.
جێگری سەرۆکی بارسا لە لێدوانێکیدا بۆ L’Esportiu روونیکردەوە
کاتێک دۆخەکە لەبار دەبێت، تاکە شت کە دەمەوێت گەڕانەوەی مێسییە تاوەکو رێزێکی گەورەی لێبنێین، نازانم کاتەکە کەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو رۆژە دێت. مێسی شایەنی رێزگرتنە و بە پەرۆشین بۆ ئەو رۆژە. ئێمە نامانەوێت باسی بابەتەکە بکەین، چونکە پێشتر زۆر باسمان کردووە.
مێسی ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئامادەکاری بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 دەکات. لەم ماوەیە بەرامبەر هەڵبژاردەکانی پاڕاگوای و پێرو یاری دەکات.