کوردستان

یانەی قەڵا و منارە سەرکۆنەی هەڵسوکەوتی تاریق عەبدولڕەحمان دەکات

Yariga App

یاریگا

یانەی هەولێر بەرامبەر هەڵسو کەوتەکانی تارق عەبدوڵرەحمان سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ دوای یاریی کۆتایی خولی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، گوایە سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ کوردستان ئازاری هاندەرێکی یانەی هەولێریداوە، دوای یارییەکەش کارگێری یانەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەی ئەم هەڵسوکەوتە دەکات.

بەیاننامەی یانەی هەولێر

بەناوی سەرۆك و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر، ئیدانەی ئەو هەڵسوکەوتە ناوەرزشیە دەکەین کە سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دوای کۆتایی هاتنی یاری ئەمڕۆی تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەکەمان و تازەپێگەیشتووانی هندرێن، لە یاری کۆتایی خولی (ژێر 18) ساڵانی کوردستان بەرامبەر بەشێك لە هاندەرانی یانەکەمان نواندی، کە دوورە لە هەموو ئەو دروشمە جوانانەی کە وەرزش پێی دەناسرێتەوە، لە کاتێکدا ئیدانەی ئەو رەفتارەی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەکەین، رایدەگەیەنین کە هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان، دڵسۆزی شارەکەمانن و خاوەنی راستەقینەی یانەی وەرزشی هەولێرن، هەر جۆرە سوکایەتی و رەفتارێكی نەشیاو بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، سووکایەتی کردنە بە یانەکەمان و شاری هەولێر بەتایبەتی و سەرجەم وەرزشوانان و وەرزش دۆستان بەشێوەیەکی گشتی.
وە لێرەوە بە بیر سەرجەم وەرزش دۆستانی کوردستان دەهێنینەوە، لە کاتێکدا بە ئاشکرا سووکایەتی بە هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان دەکرێت و ستەمێکی ئاشکرا لە سەرجەم خول و پاڵەوانیەتیەکانی کوردستان دەرهەق بە یانەکەمان دەکرێت، ئێمە وەکو یانەی وەرزشی هەولێر هەردەم پاڵپشتی تەواوی بڕیارەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بووینە و هەردەم دامەزراوە و یاریگاکانمان لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەم یەکێتیە بووە، سەرجەم ئەو رێنمایی و بڕیارانەی کە لە یەکێتیەکەوە دەردەچێت، تەواوی پایەندی خۆمان بۆی دەربڕیوە و یاریگاکانمان هەردەم جێگای ئەنجام دانی چاڵاکیەکانیان بووە، بە تایبەتی یاریگای یەکەمی فەڕەنسۆ هەریری هەردەم دەرگای کراوە بووە بۆ ئەنجام دانی چاڵاکی و ڤیستیڤاڵەکانیان، وە لای سەرجەم وەرزشکاران و وەرزش دۆستانی کوردستان روون و ئاشکرایە، کە لە یاری کۆتایی وەرزی رابردووی جامی کوردستان، چی بەسەر یاریگای فەڕەنسۆ هەریری داهێنرا و چۆن پەیژە و کورسیەکانی یاریگاکە شکێندران، بەڵام تاکو ئێستا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان خۆی لە چاککردنەوەی بێئاگا کردووە و هیچ بڕیارێکی نەداوە بە نۆژەن کردنەوە یاخود گرتنە ئەستۆی خەرجی چاککردنەوەکەی، لە کاتێکدا پێویست بوو هەر زوو بێنە دەنگ و پەیژە و کورسیەکان چاك بکەنەوە و سیمای شێوێندراوی یاریگاکە بگەڕێننەوە بارودۆخی ئاسایی خۆی.
یانەی وەرزشی هەولێر
2023/10/11

بابەتی زیاتر

Back to top button