کاردانەوەی بارسێلۆنا سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی مێسی
یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا بیر لە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ناکاتەوە و ئەم گریمانەیەی بە فەرمی رەتکردەوە.
ئەستەم بوونی یاریکردنی ئینتەر میامی لە قۆناغی کۆتایی MLS دوای شکستیان بەرامبەر سینسیناتی بە ئەنجامی (0-1)، دەنگۆیەکی زۆری لە دەوری لیۆنێل مێسی دروستکرد.
تەنها 6 یاری تا کۆتایی 2023 ماوە و ئەی ئەگەر مێسی بە خواستن بگەڕێتەوە بارسا؟ چی ئەگەر بتوانێت بیر لە جێهێشتنی مەیامی بکاتەوە؟ ئەمانە ئەو دەنگۆیانەن کە درووست بوون. بەجۆرێک تەنانەت تاتا مارتینۆی راهێنەری ئینتەرمەیامی ناچار بوو وەڵامی ئەو دەنگۆیانە بداتەوە و روونی بکاتەوە کە لیۆ لە ئینتەر مەیامی بەردەوام دەبێت و ئەگەر بچێتە بارسێلۆنا تەنها بۆ گەشت دەبێت و هیچی تر نا.
لەمبارەیەوە مۆندۆدیپۆرتیڤۆ بە گێڕانەوەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە یانەی بارسیلۆنا نووسیویەتی:
راستییەکە ئەوەیە کە یانەی بارسێلۆنا بەو هەموو رێزەی کە بۆ لیۆ مێسی هەیەتی، تەنیا بیر لە گواستنەوەی ڤیتۆر رۆکی لە مانگی یەک و تۆمار کردنی گریبەستەکەیەتی لە لالیگا و گواستنەوەی مێسی بە خواستن تەنانەت بە گریمانەیەکیش لەبەرچاو ناگیرێت. جگە لەوەش بارودۆخی دارایی یانەکە رێگە بە شتێکی لەو جۆرە نادات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی یانەکە توانای دابینکردنی مووچەی بەرزی مێسی نییە.
لەلایەکی دیکەوە مێسی خۆی بیر لە گەڕانەوە ناکاتەوە و بارسێلۆنا بۆ ئەو کۆتایی هاتووە.
مێسی هێشتا دوو یاری لەگەڵ ئینتەر مەیامی و چوار یاری فەرمی تری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تا کۆتایی ساڵی 2023 ماوە. جگە لەوەش ئینتەرمەیامی لە ئێستاوە ئۆفەری هەیە بۆ ئەنجامدانی یاری دۆستانە کە دەتوانێت سوود بە گرێبەستی لیۆش بگەیەنێت لە کاتی یارییەکانی پلەی ئۆفی MLS. پاشان مێسی لە مانگی کانوونی دووەمدا پێنج شەش هەفتە لە پشوو دا دەبێت، بەڵام لە مانگی یەکدا دەبێت بەشداری کەمپی پێش وەرزی ئینتەر مەیامی بکات پێش ئەوەی وەرزی نوێ لە مانگی شوبات بۆ ئینتەرمەیامی دەستپێبکاتەوە.
لەوانەیە مێسی لەم نێوەندەدا بگەڕێتەوە بارسێلۆنا بۆ پشوو، بەڵام بۆ یاری کردن هەرگیز.