یاریگا –
پێدری، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا دەیەوێت بۆ یاری کلاسیکۆ لە بەرامبەر ریال مەدرید ئامادەبێت.
پێدری لە مانگی ئابی رابردوودا، تووشی پێکان بوو و لەوکاتەوە بەشداری هیچ یارییەکی نەکردووە. هەرچەندە پێکانەکەی مەترسیدارنییە، بەڵام پێدری لە لێدوانێکیدا بۆ پلاتفۆرمی The Residency باسی لە کاتی گەڕانەوەی خۆی کرد.
پێکان بەشێکە لە یاری و پێویستە زۆر خۆمان ماندوو بکەین، تاوەکو بە باشترین شێوە ئامادەبین، هەموو شتێک باش هاتووە و چاوەڕێم بگەمە خاڵی کۆتایی ئامادەییم. لە دوای یارییەکانی نێودەوڵەتی، هیوادارم ئامادەبم. ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا رەنگە بۆ یاری کلاسیکۆ ئامادەبم.
سەرەڕای ئامادەنەبوونی پێدری، بارسێلۆنا دەستپێکێکی باشی لەم وەرزەدا هەبووە، تاوەکو ئێستا 20 خاڵی لە لالیگا کۆکردووەتەوە و تەنیا یەک خاڵ لە دوای ریال مەدرید دوورە.
پێدەچێت یاری کلاسیکۆ کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە بکرێت، یارییەکی یەکلاکەرەوە بێت و تاڕادەیەکی زۆر، پێشەنگایەتی یەکلایی بکاتەوە.
پێدری نزیکەی سێ هەفتەی لە بەردەمە تاوەکو بە تەواوی چارەسەری ببێت، لەو یارییەی 28ی ئەم مانگە لە یاریگای مۆنجویکی تایبەت بە بارسێلۆنا بەڕێوەدەچێت.