ئیسپانیا

بارسێلۆنا تووشی قەیرانێکی نوێ دەبێتەوە

Yariga App

یاریگا –

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هەوڵدەدات پارە بخاتە ناو هەژماری یانەکەیەوە، دوای ئەوەی یەکێک لە سپۆنسەرەکانی یانەکە نەیتوانی وادەی 40 ملیۆن یۆرۆ جێبەجێ بکات.

هاوینی ئەمساڵ یانەی بارسێلۆنا بەشێک لە مافی تەلەفزیۆنی خۆی فرۆشت بە لیبرۆ کە سندوقێکی وەبەرهێنانی ئەڵمانییە. بەڵام لیبرۆ تەنها بڕی 20 ملیۆن یۆرۆی لەو 60 ملیۆن یۆرۆیەی کە دەبوایە بداتە یانە کەتەلۆنییەکە دابین کردووە.

ئەمە هەمان ئەو گرێبەستەیە کە لالیگا پەسەندی کرد تاوەکوو بارسێلۆنا بتوانێت بە خواستن جواو فیلیکس و جواو کانسێلۆ بگوازێتەوە. بەو پێیەی لیبرۆ ناتوانێت ئەم بڕە پارەیە بدات، لاپۆرتا بەدوای قەرەبووکردنەوەدا دەگەڕێت.

بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرت، لاپۆرتا ئاماژەی بەوە کردووە کە “چەند سەرچاوەیەکی دارایی تر” هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ گرێبەستێک ئاشکرا نەکراوە. بارسا دەبێت ئەو بڕە پارەیەی کە لەسەری رێککەوتوون بۆ لالیگا دابین بکات، یان مەترسی لەسەر سنووردارکردنی زیاتری دارایی هەیە لە داهاتوودا.

بلۆوگرانا هیوادارە لە مانگی یەکدا بتوانێت گرێبەستی ڤیتۆر رۆکی بەرازیلی لە لالیگا تۆمار بکات،بەڵام گەر هاوسەنگی داراییەکەی جارێکی دیکە زیانی پێ بگات، ئەوا بەشداری کردنی ئەم یاریزانە لە یارییەکانی لالیگادا دەکەوێتە مەترسییەوە.

سنووردارکردنی دارایی یەکێک بووە لە کێشەکانی بارسێلۆنا و لالیگا لە دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە و لە یەکێک لە رووداوە تاڵەکاندا کێشە داراییەکانی ئەم یانەیە وایکرد لیۆنێل مێسی نەتوانێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و بچێتە پاریس سانت جێرمان. تەنانەت لەم هاوینەشدا بەهۆی سنووردارکردنی داراییەوە کێشەی گەڕانەوەی بۆ ئەم یانەیە هەبوو و دواجار ئینتەرمەیامی هەڵبژارد.

بابەتی زیاتر

Back to top button