مۆرینیۆ رۆما جێدەهێڵێت
یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ، راهینەرە پورتوگالییەکەی یانەی رۆما، دوا بڕیاری خۆی داوە و نایەویت لە رۆما بەردەوام بێت.
یانەی جیالۆرۆسی لە خولی ئیتاڵیا سەرەتایەکی ترسناکی دەست پێ کردووە و لە کۆی حەوت یاری یەکەمی یانەکەی تەنها دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە. یانەکە لەم وەرزەدا هەشت خاڵی بەدەستهێناوە و مۆرینیۆ لە هەموو لایەکەوە هەست بە فشار دەکات.
بردنەوە لە فرۆسینۆنێ لە کۆتایی ئەم هەفتەدا بۆ رۆما لە خولی ئیتاڵیا زۆر گرنگ بوو، بەڵام هێشتا لەو دۆزەخەی کە تێدان دەرنەچوون، ئێستا زۆر کەس پێشبینی دەکات مۆرینیۆ بەم زووانە پایتەختی ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت.
بەپێی زانیارییەکان، گرێبەستەکەی مۆرینیۆ لەگەڵ رۆما لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت و پێدەچێت یانەکە داوای درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی نەکات بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا رووبەڕووی بوونەتەوە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی نووسیویەتی: مۆرینیۆ ماوەیەکی زۆر نییە بەرێوەبەرانی یانەی رۆمای ئاگادارکردۆتەوە کە بەنیازی نوێ کردنەوەی گرێبەستەکەی نییە و هەر ئۆفەرێکی یانەکە رەتدەکاتەوە. ئەو لە هەڵسوکەوتەکانی ئەم دواییەی یانەکە ناڕەحەتە و پێی وایە خراپ مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، یانەکە نیگەرانە لەوەیکە دوای رۆشتنی مۆرینیۆ، پاولۆ دیبالا و رۆمێلۆ لۆکاکۆ، کە هەردووکیان بەهۆی مۆرینیۆوە پەیوەندییان پێوە کردوون یانەکە جیبهێڵن.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، بڕیاری رۆیشتنی مۆرینیۆ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتاییە و گەڕانەوەی نییە.