یاریگا –
لێکەوتەکانی پچڕاندنی پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان بارسێلۆنا و سێڤییا بەردەوامن.
رۆژنامەی سپۆرت وردەکارییەکانی پشت پەردەی پەرەسەندنی کێشەکانی نێوان هەردوو یانەکەی ئاشکرا کرد. بارسێلۆنا هەینی رابردوو، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانە ئەندەلووسییەکە راگەیاند. ئەمەش بەهۆی هەڵوێستی سێڤییا لەسەر کەیسی نێگرێیرا.
رۆژنامەکە لە سەرچاوەیەکی نێو یانە کاتالۆنییەکە بڵاویکردووەتەوە، خۆسێ کاسترۆ، سەرۆکی سێڤییا، دوای کاتژمێر شەشی ئێوارە، پەیوەندی بە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا کردووە و وردەکاری بەیاننامەی یانەکەی پێڕاگەیاندووە.
لاپۆرتا بە تووڕەیی قسەی لەگەڵ کاسترۆ کردووە و پێی گوتوە، بۆ رێز لە بێتاوانی بارسا ناگریت؟ کاسترۆ لە وەڵامدا بە لاپۆرتای گوتووە، بابەتەکە بەشێوەیەکی کەسی لە دژی تۆ و ئەنجومەنی کارگێڕی بارسا نییە، بەڵکو ویستیان ئەم کارە بکەن، وەک ناڕەزایی دەربڕینێک و رێزگرتنی هاندەرانی سێڤییا.
لە درێژەی راپۆرتی رۆژنامە ئیسپانییەکەدا هاتووە
لاپۆرتا جارێکی دیکە بە تووڕەیی قسەی لەگەڵ کاسترۆ کرد و پێی گوت، رێز لە بڕیارەکە دەگرم، بەڵام پێی رازی نییە، تاوەکو ئێستا بابەتەکە لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدایە، چۆن بڕیارێکی وا لەسەر بارسێلۆنا دەدەن.
دوای ئەم پەیوەندییە گەرمەی نێوان سەرۆکانی هەردوو یانەکە، ژوانی خوانی نیوەڕۆی نێوان هەردوو سەرۆکەکە رەتکرایەوە.
لە ئاداری رابردوودا، چەندین سکاڵا بەرزکرانەوە کە باسیان لە پێدانی زیاتر لە 7.3 ملیۆن یۆرۆ بە درێژایی 17 ساڵ بەو کۆمپانیایانە دەکرد کە خۆسێ ماریا ئێنریکێز نێگرێیرا، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانی لە ساڵانی 1993 تاوەکو 2018 خاوەنی کۆمپانیاکە بوو.
بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکدا رەتیکردەوە هیچ جووڵەیەکی نایاسایی کردبێت و ئەو پارەی خەرجکراوە، لە چوارچێوەی چالاکییەکی ئاشکرایە لە نێو یانەکاندا.