بارسێلۆنا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سێڤییا پچڕاند
یاریگا
دوای ئەو بەیاننامەیەی یانەی سێڤییا سەبارەت بە دۆسیەی نێگریرا بڵاویکردەوە، یانەی بارسێلۆنا هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم یانەیە پچڕاند.
چەند کاتژمێرێک پێش یارییەکەی نێوان بارسێلۆنا و سێڤییا لە گەڕی هەشتەمی لالیگا، یانە ئەندەلوسیەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە یاریگا ئامادە نابن بەهۆی ئەو تۆمەتە نوێیەی لە دۆسیەی نێگریرادا تۆمارکراوە. دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:
دوابەدوای ئەو پێشهاتانەی ئەم دواییە سەبارەت بە دۆسیەی نێگریرا و تۆمەتبار بوونی بارسێلۆنا و بەشێک لە بەرپرسانی پێشووی بە بەرتیلدان، سێڤییا ڕایدەگەیەنێت ڕێز لە یارییەکان و هاندەران دەگرێت، پرۆتۆکۆڵی لالیگا ڕادەگرێت و رێگە بە نوێنەرەکەیان نادات لە یاریگای ئۆڵۆمپی لویس کۆمپانیس ئامادەبێت
ئەو بەیاننامەیەی یانەی سێڤییا کاردانەوەی یەکلاکەرەوەی بلاوگرانای بە دواوە بوو و ئەو یانەیەش لە بەیاننامەیەکدا هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم تیپە پچڕاند. دەقی بەیاننامەی بارسا بەم شێوەیەیە:
یانەى بارسێلۆنا بەڕوونی ئیدانەی ئەو هەڵسوکەوتە ناشیرین و نەشیاوانەی سێڤییا دەکات. ئەو یانەیەی کە ئامادەنەبوو بەشداری کۆبوونەوەی ژەمە خواردنی پێش یارییەکە بکات، جگە لەم هەڵسوکەوتە ناشیرینە، سێڤییا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا بەرپرسانی پێشووی یانەی بارسا لەنێو تۆمەتبارانی دۆسیەی نێگریرا راگەیاندووە و ئامادەی یارییەکە نەبوون. یانەکەمان ئەم هەڵسوکەوتە بە هێرشکردنە سەر یانەکە و پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراو دەزانێت