ئیسپانیاگرنگترین

بارسێلۆنا لەلایەن دادگاوە بە پێدانی بەرتیل تۆمەتبار کرا

Yariga App

یاریگا –

یانەى بارسێلۆنای ئیسپانی، لەلایەن دادگاى شارى بارسێلۆناوە بەوە تاوانبار کرا کە بڕە پارەیەکى وەکوو بەرتیل بە خۆسێ ئینریکێز نێگریرا داوە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بارسێلۆنا رووبەڕووی دۆسیەی بەرتیلدان بە نێگیرا بووەتەوە، ئێستاش کێشەکە بۆ ئەوان زۆر جددی بووە.

بڕی 7.5 ملیۆن یۆرۆ کە ئەم یانەیە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی داوە، لەلایەن دادگایەکی شاری بارسێلۆناوە کە مامەڵەی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا کردووە، وەک تاوانبار ناسێنرا.

خواکین ئاگیرێ، دادوەری ئەم دۆسیەیە رایگەیاند،

ئێستا یانەی بارسێلۆنا بە فەرمی تۆمەتبار کراوە بە پێدانی بەرتیل بە نێگیرا. جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، ساندرۆ رۆسێل، خۆسێ ماریا ئێنریکێز نێگریرا و کوڕەکەی هەموویان لەم دۆسیەیەدا تۆمەتبارن و دەبێت لە دادگا ئامادەبن بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدەن.

دادوەری ئەم دۆسیەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نێگریرا لەم ماوەیەدا فەرمانبەرێکی فەرمی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بووە، هەر بۆیە بە فەرمی هەژمار دەکرا و لە هەمان کاتدا بڕە پارەیەکی لە یانەی بارسێلۆنا وەرگرتووە و بەو هۆیەشەوە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل وەک بەرپرسێکی حکومی دادەنرێت.

نێگریرا تۆمەتبارە بەوەی کە لە ماوەی 18 ساڵدا وەک جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان لە یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا حەوت ملیۆن یۆرۆی لە بارسێلۆنا لە رێگەی کۆمپانیاکانی کوڕەکەیەوە وەرگرتووە، کاتێک ئەم پۆستەی بەجێهێشتووە، بەرپرسانی یانەکە وەستاون لە پێدانی پارەی زیاتر.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەوان بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە ئەو بڕە پارانە تەنها بەهۆی هاوکاری و پێشکەشکردنی ئامۆژگاری لە دیمەنەکانی ناوبژیوانیدا بووە، بەڵام دادوەر جەختی لەوە کردەوە کە وەستاندنی ئەو پارانە بەو مانایەیە کە بەهۆی یارمەتیدانی یانەکەوە ئەو بڕە پارانەی وەرگرتووە.

دادگای ژمارە 1ی بارسێلۆنا رایگەیاند، بەهۆی هەڵوێستی فیدراسیۆنی تۆپی پێ، کە بە رێکخراوێکی گشتی دادەنرێت، ئەم رووداوە تەنها گەندەڵی کەسی نییە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا، لەڕاستیدا بە بەرتیل بۆ بەرپرسێکی رێکخراوەیی و حکومی دادەنرێت.

بەم شێوەیە وا دیارە بارسێلۆنا رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە، کە دەتوانێت لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئیسپانیا و رەنگە تەنانەت لە ئەوروپاش کێشەی جددی بۆ دروست بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button