ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

براهیم دیاز دەرفەتەکەی قۆستەوە و ئێستا دەیەوێت تواناکانی دیکەی پیشانی مەدریدییەکان بدات

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

لە دوای بردنەوەی یارییەکەی بەرامبەر لاس پاڵماس، براهیم دیاز دوا یاریزان بوو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ جێبهێڵێت، ئەمەش دوای تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمی یارییەکە کە بە ئەنجامی 2-0 تەواوبوو.

دیاز لەسەر چیمەنی یاریگا پاڵکەوت، دەیەویست چێژ لە بردنەوەکە وەربگرێت، بەڵام لەپڕ ژمارەیەکی زۆری رۆژنامەنووسان دەورەیاندا.

لە خولەکی 57دا گۆڕانکاری بە براهیم دیاز کرا، ئەوکاتە ریال مەدرید دوو گۆڵ لە پێشەوە بوو. لە دوای تەواوبوونی یارییەکە، دیاز بە جلێکی دیکەوە، هاتە نێو یاریگا و کاتێکی زیاتری لەگەڵ یاریزانان بردە سەر. دواتر بە تەنیا بە نێو یاریگادا سووڕایەوە و چووە لای بەشە سەرەکییەکەی یاریگا بە ناوی گرادا فانس، کە شوێنی ئەڵتراسەکانی مەدریدە.

دیاز دەستی بۆ ئەڵتراسەکان بەرزکردەوە و سڵاوی لێکردن، هەر زوو کەناڵی ریال مەدرید لە دیاز نزیکبووەوە و قسەی لەگەڵ کرد

گۆڵەکە؟ زۆر شانازی پێوە دەکەم، ناتوانم هەستی تەواوی خۆم دەرببڕم، شتێکی زۆر ناوازەیە. دەمەوێت تەنیا سوپاسی هاندەران بکەم، چونکە پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکردم. زۆر دڵخۆشم لە مەدرید و یاری کردن لە پێناو ئەم لۆگۆیە.

براهیم دیاز
براهیم دیاز و رۆدریگۆ لە دوای گۆڵی یەکەمی ریال مەدرید بەرامبەر لاس پاڵماس

بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، پەیامنێری ئاتلێتیک بەڕێکەوت چاوی بە سوفێل عەبدولقادر کەوت، کە دەکاتە باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی دیاز. باوکی دیاز قەمیسێکی سپی پۆشیبوو و خۆی لە قسەکردن دەدزییەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت دانی بەوەنا کە چاوەڕێی شەوێکی ناوازە دەکات

دەمێکە چاوەڕێی ئەم ساتە دەکەین، پێویستە دەرفەتەکە لەدەست نەدات، ئێمە لە تواناکانی دیاز دڵنیایین و دەزانین چی دەکات.

چەند کاتژمێرێک دوای قسەکانی باوکی، دیاز بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، جیا لەمەش لە یاری دێربی رابردوودا، لە گێمی دووەم بەشداری یارییەکەی کرد.

یەکەمجارە وەک یاریزانی سەرەکی لەگەڵ ریال مەدرید یاری بکات، ئەمەش گڕوتینێکی زیاتری بە ئەستێرە ئیسپانی-مەغریبییەکە دا.

ئەرکی براهیم دیاز لە یارییەکەی شەوی رابردوو ئاسان نەبوو، چونکە لە شوێنی جود بێڵینگهام یاری دەکرد، کە لەم وەرزەدا ئاستێکی نموونەیی پێشکەش دەکات و بەردەوام گۆڵی کردووە. یەکەمجاریش بوو کارلۆ ئانچێلۆتی، پشوو بە بێڵینگهام بدات.

ئانچێلۆتی لە دوای یارییەکە بەمشێوەیە باسی دیازی بۆ میدیاکان کرد

زۆر گرنگە یاریزانێکی لەم جۆرەت لە پێکهاتەدا هەبێت، چونکە توانایەکی زۆری لە بۆشاییە تەسکەکاندا هەیە و بە درێژایی ئەم وەرزە، دەتوانێت یارمەتیمان بدات.

هەرچەندە بە درێژایی بەشدارییەکەی لە یارییەکەدا، چەند جارێک کۆنتڕۆڵی لەدەستدا، بەڵام لە ناوەڕاستی گێمەکەدا، توانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بچێتە نێو بۆکسی سزاوە و گۆڵی یەکەمی یارییەکە بکات.

براهیم دیاز
براهیم دیاز لە ساتی تۆمار کردنی یەکەمی گۆڵی یارییەکەی بەرامبەر لاس پاڵماس

1346 رۆژ بەسەر دوا گۆڵی دیاز لەگەڵ لۆس بلانکۆس تێدەپەڕێت، چونکە دیاز بۆ ماوەی سێ وەرز بە خواستن یاری بۆ میلان کرد. بۆیە گۆڵەکە مانایەکی تایبەتی بەلای دیازەوە هەبوو. هەربۆیە زوو لۆگۆی مەدریدی بەرزکردەوە و چووە لای هاندەران و سەیری ئاسمانی کرد. گۆڵەکەی کردە دیاری بۆ باپیری، کە ئەمساڵ کۆچی دواییکرد و هاندەرێکی سەرسەختی ریال مەدرید بووە.

دیاز بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئیتاڵیا گەشەی کردووە، چونکە متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەیە و لەگەڵ میلان یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکان. هەرچەندە دڵنیایی لە بەشداریکردنی لە پێکهاتەی سەرەکی کارلۆدا ناکرێت، بەڵام دەتوانێت بە درێژایی وەرزەکە، شوێنپەنجەی خۆی لەگەڵ مەدرید جێبهێڵێت.

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک، داڤیدێ ئانچێلۆتی، کوڕ و یاریدەدەری کارلۆ، لە مەشقەکاندا زۆر یارمەتی دیاز دەدات، بە تایبەت لەڕووی هونەرییەوە و رۆژ دوای رۆژ، ئەرکی نوێی پێڕادەسپێرێت.

داهاتووێکی گەورە چاوەڕێی دیاز دەکات، چونکە لە چەند وەرزی رابردوودا لەگەڵ میلان، متمانەبوونێکی بێوێنەی بە خۆی پیشانداوە و دەتوانێت لەگەڵ ریال مەدریدیش، ئەستێرەکەی زیاتر بگەشێنێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button