دابەزینێکی بەرچاو لە ئاستی بەرگریکارانی بارسێلۆنا
یاریگا
وەرزی رابردوو یەکێک لە هۆکارەکانی بەدەستهێنانی ناسناوی لالیگا لەلایەن یانەی بارسێلۆنا، بەهێزی هێلی بەرگری ئەو یانەیە بوو، بەڵام ئەم وەرزە بە پێچەوانەوە بەرگریکارانی یانەکە ئاستێکی باشیان نەبووە.
بارسا وەرزی رابردوو تەنها 20 گۆڵی لێکرا، نزیک بوون لە یەکسانکردنەوەی ریکۆردی مێژوویی چێڵسی (کەمترین گۆڵ لە وەرزێکدا 15 گۆڵ)، ئەو کات ئەگەر پێشوەختە ئەو یانەیە ناسناوەکەیان یەکلایی نەکردایەوە، ئەیانتوانی ریکۆردی چێڵسی یەکسان بکەنەوە.
بەڵام ئەم جۆرە ئامارانە لەم وەرزەدا دووبارە نابنەوە، لەبەر ئەوەی بارسێلۆنا دوای تەنها حەوت یاری لە وەرزی نوێ لالیگا 8 گۆڵی لێکراوە.
وەرزی رابردوو بارسێلۆنا ئەم کاتانە واتە دوای حەوت یاریی تەنها 1 گۆڵیان لێکرابوو. هەروەها بارسا وەرزی رابردوو لە کۆی 23 یاریی 8 گۆڵیان لێکرا، کەچی ئەم وەرزە دوای تەنها 7 یاری ئەو رێژە گۆڵەی لێکراوە.
بەم شێوەیە چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر بلاوگرانا لەسەر ئەم ئاستەی بە تایبەت لە هێلی بەرگری بەردەوام بێت، ئەوا ئەستەمە بتوانن بۆ دووەمجار لەسەر یەک ناسناوی لالیگا بەدەست بێنن.