ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بۆچی پۆچێتینۆ سندووقێک لیمۆ لە نووسینگەکەی دادەنێت؟ ئایا ئەمە هۆکاری شکستەکانە؟

Yariga App

یاریگا –

گوتەکی کۆن هەیە دەڵێت ”کاتێک ژیان لیمۆت پێدەدات، بۆ لابردنی وزەی نەرێنی بەکاریان بهێنە”. ئەمە گوتەیەکی کۆن و بە بەهای کولتوورە کۆنەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیایە بۆ جیهان ماوەتەوە.

لە راستیدا، ئێستا زۆربەمان لیمۆ بۆ دروستکردنی ئاوی لیمۆ و سەڵاتە بەکاردەهێنین، بەڵام ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری چێڵسی، پێی وایە لیمۆ کاریگەری زیاتری هەیە و دەکرێ بۆ بابەتی دیکە بەکاربهێندرێت.

پۆچێتینۆ بەردەوام سندووقێک لیمۆی لە سەنتەری مەشقەکانی کۆبهام لە باشووری لەندەن هەیە. چەندین ساڵە ئەم خووەی گرتووە، ئەمەش لەسەر قسەی هاوڕێیەکی نزیکی. دانانی سندووقێک لیمۆ لە شوێنی کارکردن، یەکێکە لە بیروباوەڕە کۆنەکان بە لابردنی وزەی نەرێنی.

لیمۆ چەندین مانا و بەهای جیاوازی لە نێو کولتوورە جیاوازەکانی جیهاندا هەیە، بە درێژایی مێژوو، بابەت و بیروبۆچوونی زۆر لەسەر لیمۆ هەبوون.

لیمۆ بەرهەمێکی پیرۆزە لای هیندۆسییەکان، لە هەندێ شوێنی دیکە، لیمۆ بۆ دوورخستنەوەی رۆحە شەڕانگێزەکان بەکارهێندراوە. سوودێکی دیکەی لیمۆ، کەرت کردنیەتی بۆ دوو لەت، تاوەکو لە نێو بەفرگر دایبنێیت و بۆنی ناخۆش لە بەرهەمەکانی نێو بەفرگر دووربخەیتەوە. هەروەها لای هیندۆسەکان، لیمۆ بە راکێشەری بەخت و وزەی ئەرێنی دادەندرێت، هەروەها بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشیش بەکاردێت.

باوەڕی گەورەی پۆچێتینۆ ئەوەیە، بە لیمۆ دەتوانێت وزەی نەرێنی وەک ئیسفەنجێک کۆبکاتەوە و لە خۆی دووربخاتەوە، تەنانەت لە کاتی سەردانی میوانەکانیش بۆ لای ئەو لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی، سندووقی لیمۆ هەڵناگرێت.

ئەوکاتەی راهێنەری تۆتنهام بوو، سندووقێکی بچووکی لیمۆ لەسەر مێزەکەی دادەنا، هەر 10 رۆژ جارێک، لیمۆکانی دەگۆڕی. چونکە پێی وابوو، لیمۆکان وزەی نەرێنییان کۆکردووەتەوە و پێویستە بگۆڕدرێن.

بەڵام ئەگەر سەیری کاریگەری لیمۆکان لەسەر ئەنجام و ئاستی چێڵسی بکەین، دەبینین کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە.

چێڵسی لەم وەرزەدا تەنیا یەک یاری لە پرێمەرلیگ بردووەتەوە و ئێستا لە پلەی 14-مدا دێت، سەرەڕای گواستنەوەی چەندین ئەستێرەی گەورە بۆ ریزەکانی و خەرج کردنی پارەیەکی زۆر. جیا لەمەش، چەندین یاریزانی تووشی پێکان بوون.

لەبارەی لیمۆکانەوە، پۆچێتینۆ دەڵێت

لە تۆتنهام دوای دوو ساڵ ئینجا کاریگەری لیمۆکان دەرکەوت، کات بە لیمۆکان بدەن، ئەمە شتێکە هەموومان بڕوامان پێیەتی، ئەگەر بتەوێت وزەیەکی ئەرێنیت هەبێت، پێویستە تەواوی ئەو کارانە بکەیت، کە بڕوات پێیەتی. من بڕوام بە لیمۆیە، لە تۆتنهام دوای ساڵ و نیوێک، وزەی ئەرێنی لیمۆکان کەوتنە کار، پێویستە کاتی زیاتریان پێبدەین، چونکە ئەمە جادوو نییە و تاوەکو ئێستا بڕوام پێیەتی.

پۆچێتینۆ لەبارەی سندووقی لیمۆکانی نێو نووسینگەکەی دەڵێت

لیمۆی زەرد و سەوزم لە ئۆفیسەکەم هەیە، جۆری جیاواز لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەهێنم. نامەوێت درۆ بکەم، بەڕاستی سندووقێکی گەورەی لیمۆی لێیە، بەردەوام بڕوام وابووە، لیمۆی زەرد، کاریگەری زۆر زیاتر بووە لە لیمۆی سەوز، بەڵام ئێستا بڕوام بە هەموو رەنگەکان، ئەگەر لیمۆی شین هەبێت باشترە، چونکە هاوڕەنگە لەگەڵ درێسی چێڵسی.

وەڵامەکانی پۆچێتینۆ تاڕادەیەک متمانە دروست دەکەن، بەڵام ئایا خاوەنانی چێڵسی و هاندەران، تاوەکو کەی بەرگەی تامی تاڵی ئەو دۆخە دەگرن، کە ئێستا لە چێڵسی دروستبووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button