ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

ناكۆكی كەوتە نێوان ئانچێلۆتی و یاریزانانی مەدریدەوە

Yariga App

یاریگا –

ژمارەیەك یاریزانانی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ كارلۆ ئانچێلۆتی ئیتاڵی و راهێنەری یانەكەیان ناكۆكی كەوتە نێوانیان، لەسەر شێوازی یاریكردنی تیپەكەیان لەم وەرزەدا.

ئەم ناكۆكیانەش لە دوای یەكەم دۆڕاندنیان لەم وەرزەدا بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید هات، كە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك یارییەكەیان دۆڕاند.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی رێلیڤۆ ئەم دۆڕاندنە ئازارێكی زۆری بۆ ریال مەدرید هەبووە لە سەرجەم ئاستەكاندا بەهۆی ناوی ركابەرەكەیان و شێوازی دۆڕاندنەكەیان، لەگەڵ هەڵەی زۆر گەورە كە لە هێڵی بەرگریدا ئەنجامدرا و توانای لاوازی مامەڵەكردن لە گێمی دووەمدا.

لە راپۆرتەكەی رێلیڤۆدا هاتووە، لە ناو ژووری خۆگۆڕینەكاندا ناكۆكی و توڕەیی درووست بووە سەبارەت بە پلانی ” ئەڵماس ” كە كارلۆ ئانچێلۆتی لەم وەرزەدا پەیڕەویی دەكات.

ئەم پلانە تازە نییە بۆ ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە، وەک چۆن پێشتر لەگەڵ یانەكانی میلان و چێڵسی جێبەجێی کردووە، بەڵام ئانچیلۆتی لە وەرزەکانی پێشوودا لەگەڵ ریال مەدرید بە پلانی 4-3-3 یاری كردووە.

ئەوەش روونكراوەتەوە، پلانی ئەڵماسی رۆڵێكی دیار و گونجاوی هەبووە لە گونجاندنی جود بێڵینگهام لەگەڵ تیپەكەدا كە وایلێكردووە بە خێرایی بدرەوشێتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا زیانی بە یاریزانەكانی دیكە گەیاندووە كە هێشتا لەگەڵ ئەم پلانە نوێیەدا نەیانتوانیوە خۆیان بگونجێنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە یاریزانە گەورەكان لە چەند هەفتەی رابردوودا گومانیان دەربڕیوە سەبارەت بە پتەویی ئەم پلانە بەرامبەر بە رکابەرە بەهێزەكان، دۆڕانەکەی بەرامبەر ئاتلێتیكۆ بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك ئەو کاریگەرییە خراپانە پشتڕاستدەکاتەوە کە ئەستێرەکانی ریال مەدرید هەستیان پێکردبوو.

لە هەمان راپۆرتدا هاتووە، رۆدریگۆ یەکێکە لەو یاریزانانەی کە زۆرترین کاریگەری لەسەر شێوازی نوێی یاریکردن پێ کەوتووە، بەو پێیەی لەلایەن هێڵی بەرگرییەوە کۆنتڕۆڵی چڕی لەسەرە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​تا ئێستا لەم وەرزەدا و لە دوای شەش یاری تەنیا یەک گۆڵی کردووە.

لەم پلانەی ئانچێلۆتیدا یاریزانی باڵەكانی بەرگری رووبەرووی رووبەرێكی زۆری یاریگا دەبنەوە، كە پێوویستیان بە هاوكاری یاریزانانی هێڵی ناوەندە بۆ ئەوەی لەلایەنی بەرگریەوە یارمەتیان بدەن.

ریال مەدرید لە دێربیدا رووبەرووی ئەو كێشەیە بوویەوە و سێ گۆڵیان بە شێوازی تۆپی بەرز لێ كرا.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button