هاندەرانی چێڵسی هێرش دەکەنە سەر خاوەنی یانەکەیان
یاریگا –
بێهداد ئێقبالی، یەکێک لە خاوەنەکانی یانەی چێڵسی، لە شەقامەکانی لەندەن لە لایان هاندەرانی یانەکەوە هێرشی کرایە سەر.
ئێقبالی یەکێکە لە خاوەنەکانی یانەی چێڵسی هاوشانی تۆد بۆلی و باس لەوە دەکرێت کە ئەویش دوای شکستی تیپەکە بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا چووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکان.
شکستی چێڵسی لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا رووداوێکی تاڵ بوو بۆ هاندەرانی ئەم تیپە کە بۆ پشتگیریکردنی تیپە دڵخوازەکەیان چووبوونە ستامفۆرد بریج و دواجار بە یەک دەنگ توانجیان لە یاریزانانی چێڵسی دەدا.
هاندەرانی چێڵسی لە دۆخی ئێستای یانەکەیان لەڕادەبەدەر توڕەن و ئەو ئەنجامە خراپانەی کە ئەم تیپە بەدەستی هێناوە لە وەرزی رابردوو و دەستپێکردنی وەرزی نوێ و پێدەچێت توڕەیی ئەوانی زیاتر کردبێت.
بە پێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی زە سەن ، وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان کە لەم ماڵپەڕە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن چەند هاندەرێکی چێڵسی لە شەقامێکی لەندەن بەدوای بێهداد ئێقبالیدا رادەکەن بەسەریدا هاوار دەکەن و بە دوای وەڵامێکن سەبارەت بە ئاستی یانەکەیان. ئەویش بە خێرایی رادەکات و لێیان دوور دەکەوێتەوە.
پاسەوانە تایبەتەکەی کە لە شوێنی رووداوەکە ئامادەیە یارمەتی ئێقبالی دەدات بە خێرایی لەوێ دووربکەوێتەوە و بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات و خۆی لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بەدوور بگرێت، هەروەها ئەم بابەتە رووبەڕووی ناڕەزایی هاندەرانی چێڵسی بوویەوە.
شایەنی باسە یانەی چێڵسی لە پلەی 14 رێزبەندی خولی پرێمەرلیگ دایە و لەسەرەتای وەرزەوە تا ئێستا توانیویانە تەنها پێنج گۆڵ تۆمار بکەن.