ئیسپانیا

بالدێ گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێکردەوە

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دووپاتی کردەوە کە گرێبەستەکەی ئالیخاندرۆ بالدێ تاوەکوو ساڵی 2028 بەبڕی یەک ملیار یۆرۆ درێژکرایەوە.

ئالیخاندرۆ بالدێ تەمەن (19 ساڵ) وەک یاریزانی بارسێلۆنا تا ساڵی 2028 بۆ پێنج وەرزی داهاتوو بەردەوام دەبێت. یاریزانە لاوەکەش بڕگەی ئازادکردنی یەک ملیار یۆرۆی هەیە تاوەکوو بە ئاسانی نەتوانێت یانەکە جێبهێڵێت.

سبەی بە ئامادەبوونی یاریزانەکە و خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە کامپ ڤیلانۆڤا، مەراسیمی واژۆکردنی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ئالیخاندرۆ بالدێ بەڕێوەدەچێت.

بێگومان ئالیخاندرۆ بالدێ و هەروەها لامین یامال پێش گەشتی هاوینەی ئەمەریکا گرێبەستەکانیان درێژکرایەوە، بەڵام بە فەرمیکردنی گرێبەستە نوێیەکانیان لە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی دۆخی دارایی یانەکەدا مایەوە، هەروەها دەبوایە هەردوولا لەسەر وردەکارییەکانی مووچە رێکبکەون.

ئالیخاندرۆ بالدێ لە ساڵی 2011 کاتێک تەمەنی تەنها 8 ساڵ بوو پەیوەندی بە ئەکادیمیای لاماسیا کرد، لەو کاتەوە لە هەموو پۆستەکانی تۆپی پێی بارسێلۆنا یاری کردووە پێش ئەوەی خۆی لە شوێنی جۆردی ئالبا لە تیپی یەکەمدا جێگیر بکات.

بالدێ دوو وەرز پێش ئێستا یەکەم یاری خۆی بەرامبەر بایرن میونشن ئەنجامدا و ئێستا بە 56 یاری و یەک گۆڵ و 6 ئەسیست، یەکێکە لە یاریزانە گرنگەکانی ئەم تیپە تاوەکوو شوێنی ئالبای لە یانەکە پڕ کردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button