ئینگلتەراچامپیۆنزلیگگرنگترین

گورزێکی کوشندەی دیکە بەر مانچێستەر سیتی کەوت

Yariga App

یاریگا –

بێرناردۆ سیلڤای پۆرتوگالی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی، بۆ ماوەیەکی زۆر لە یاریکردن دادەبڕێت.

دوێنێ سێشەممە لە میانی یارییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری کرڤێنا زڤێزدای کرد.

یارییەکە بە بردنەوەی مانچێستەر سیتی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵیک کۆتایی هات. جولیان ئالڤارێز دوو گۆڵ و رۆدریش گۆڵەکەی دیکەی یانە ئینگلیزییەکەی کرد.

بەڵام شەوەکە بۆ بلوو موون تەنیا خۆشی و شادی نەبوو، بەو پێیەی بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی تیپەکە لە خولەکی 44 بە تووڕەیی و نیگەرانییەوە یاریگای جێهێشت و جێرێمی دۆکو لە جێگەی ئەو بەشداری یارییەکەی کرد.

لە سەرەتادا نەزانرا کە گۆڕانکارییەکە تاکتیکی بوو یاخود بێرناردۆ بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشتووە، بەڵام دوای یارییەکە پێپ گواردیۆلا پشتڕاستیکردەوە کە هۆکاری گۆڕانکارییە لەناکاوەکە بەهۆی پێکان بووە و لەو بارەیەوە گوتی:

بێرناردۆ سیلڤا بەهۆی پێکان گۆڕانکاری پێکرا، جارێ قسەم لەگەڵ پزیشکەکان نەکردووە بەڵام لە ژمارەیەک یاری زۆر بێبەش دەبێت لە یاریکردن

لێدوانەکانی گواردیۆلا بەڵگەن لەسەر ئەوەی پێکانی ناوەڕاستکارە تەمەن 29 ساڵانییەکە سەختە و ماوەیەکی زۆری دەوێت بۆ چاکبوونەوە و گەڕانەوە بۆناو لاکێشەی سەوز.

سیتیزن لە 23ـی ئەم مانگە لە گەڕی شەشەمی پرێمەرلیگ رووبەڕووی نۆتینگهام دەبێتەوە، چوار رۆژ دواتر، لە 27ـی مانگ لە جامی کاراباو بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد یاری دەکات.

پاشان لە 30 مانگدا یانەکە لە گەڕی حەوتەمی پرێمەرلیگ دەبێتە میوانی وۆڵڤز، دواتریش لە 4ـی مانگی 10 و لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگ دەبێتە میوانی لایپزیگی ئەڵمانی.

لە دوای ئەوەیش لە 8ـی هەمان مانگ لە یاری لوتکەی پرێمەرلیگ ئارسیناڵ لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری مانچێستەر سیتی دەکات. دوای ئەو یارییە یاری یانەکان دەوەستێت و یارییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن.

بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکانیش بێناردۆ سیلڤا، لە یارییە بەهێزەکەی ئارسیناڵ بێبەش دەبێت، تا دوای یارییە نێودەوڵەتییەکان ناگەڕێتەوە بۆ یاریکردن، ئەمەش زیانێکی زۆر بە تیپەکەی پێپ دەگەیەنێت.

هەر لە دەستپێکی وەرزەوە پێکان بووەتە گرفتێکی گەورە بۆ گواردیۆلا، بە جۆرێک تیپەکە تا ئێستا شەش یاریزانی لەدەستاوە کە بریتین لە هەریەکە لە یاریزانان کێڤن دی برۆین، زاک ستیفن، جۆن ستۆنس، جاک گریلیش، ماتیۆ کۆڤاسیچ و بێرناردۆ سیلڤا.

بابەتی زیاتر

Back to top button