فه‌ره‌نسا

ئێمباپێ لە پێناو پاریس سانجێرمان باجێکی گەورە دەدات

Yariga App

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجیرمان، ئامادە بوو لە پێناو یاری کردنی لەم وەرزەدا دەستبەرداری پاداشتەکەی ببێت.

دوای کۆتایی هاتنی وەرزی رابردوو ئێمباپێ رایگەیاند کە هیچ بڕیارێکی نییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان و ئەمەش دوا وەرزی دەبێت لە پارک دی پرینس.

ئەم بڕیارە شۆکێکی گەورەی بە بەڕێوەبەرانی پاریس سانجێرمان دا، کە نەیاندەویست لە کۆتایی وەرزدا وەک یاریزانێکی ئازاد لەدەستی بدەن و ئەمەش ئاڵۆزییەکی تەواوی لە نێوانیاندا دروست کرد.

تەنانەت گەیشتە ئاستێک کە ناوی ئەو یاریزانە فەرەنسییە لە لیستی پاریس سانجێرمان بۆ کەمپی پێش وەرز لە ژاپۆن دانەبوو ماوەیەک لەگەڵ یاریزانە دوورخراوەکان راهێنانی دەکرد.هەروەها پێیان گوتووە، ئەگەر گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە، دەبێت بۆ تەواوی وەرزەکە لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە یۆرۆی 2024 بێبەش بێت، کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەڕێوەدەچێت.

لەکۆتاییدا دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان لە چەند یاری یەکەمدا نەیتوانی ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت، ئێمباپێیان گەڕاندەوە بۆ پێکهاتەی تیپەکە و ئێستا جارێکی دیکە بووەتە پارچەی سەرەکی یانەکە، بەتایبەتی دوای رۆیشتنی نەیمار و لیۆنێل مێسی و مارکۆ ڤێراتی.

بەڵام فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ناسراوی ئیتاڵی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە رێگەیان پێنەداوە بەو ئاسانییە بگەڕێتەوە ناو یاریگا و لە راستیدا باجێکی گەورەیان لەم یاریزانە وەرگرتووە.

لە گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان، بڕگەی 80 ملیۆن یۆرۆی وەک پاداشتی دڵسۆزی تێدایە، کە دەبوو تا مانگی ئەیلول بە تەواوی بدرێت، یاریزانەکەش ئامادەیە دەستبەرداری ئەو بڕە پارەیە بەرچاوە بێت تاوەکوو لە یاریگادا ئامادە ببێت.

تاوەکوو ئێستا نازانرێت ئایا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێ دەکاتەوە یان وەرزی داهاتوو وەکو یاریزانێکی ئازاد دەچێتە یانەیەکی تر بە تایبەتی ریال مەدرید.

بابەتی زیاتر

Back to top button