یاریگا
ئەمڕۆ شەممە 16ـی ئەیلول کۆمەڵێک یاریی گرنگ و ئاگرین لە خولی نایابی ئینگڵتەرا بەرێوەچوون، لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی ریمۆنتادایان کرد و مانچێستەر یونایتدیش تووشی دۆڕانێکی قورس بوو.
وۆلڤەرهامبتن 1-3 لیڤەرپوول
سەرەتا بە یاریی نێوان وۆلڤەرهامبتن و لیڤەرپوول گەڕی پێنجەمی پرێمەرلیگ دەستی پێکرد، یاریزانانی خاوەن یاریگا هەر زوو توانیان گورزەکەیان بوەشێنن و لە خولەکی حەوت هوانگ توانی تۆڕی گۆڵی رێدز بهەژێنێت، بێ ئاگا لەوەی کۆتاییەکی باشیان نابێت.
محەمەد سەڵاح ئەستێرەی یارییەکە بوو، نەیتوانی هیچ گۆڵێک بکات بەڵام ئاسیستی لە هاتریک کرد و سەرکردایەتی بردنەوەی یانەکەی کرد. لیڤەرپوول سەرەڕای ئەوەی گۆڵی یەکەمی لێکرا، بەڵام ریمۆنتادای کرد و یارییەکەی لە کۆتاییدا بە ئەنجامی 3-1 بردەوە و چوارەم بردنەوەی ئەم وەرزەشیان تۆمار کرد.
وێستهام یونایتد 1-3 مانچێستەر سیتی
مان سیتی تاکە یانەی پرێمەرلیگە هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، بەڵام لەم یارییە سەرەتا لە خولەکی 36 تۆڕی گۆڵەکەیان هەژێندرا، هاندەرانی ستیزن بە گەڕانەوەی راهێنەرەکەیان دڵنیابوون لە بردنەوەی یارییەکە.
یاریزانانی مان سیتی دوای گۆلەکەی خاوەن یاریگا کۆڵیان نەداوە و سێجار تۆڕی گۆڵەکەیان هەژاند و هاوشێوەی لیڤەرپوولی رکابەری ئەم وەرزەیان، ریمۆنتادایان بەرامبەر خاوەن یاریگا کرد و پێنجەم بردنەوەی لەسەر یەکیشیان بەدەستهێنا و دوای چەند کاتژمێرێکی کەم پێشەنگایەتیان بە رێدز چۆڵکرد.
مانچێستەر یونایتد 1-3 برایتن
تاوەکو ئێرە هەموو ئەنجامەکان هاوشێوەی یەکترن، تەنها جیاوازی مان یو لەگەڵ لیڤەرپوول و مان سیتی ئەوە بوو ئەوان لە یاریگای خۆیان بەم ئەنجامە دۆڕان.
شەیتانە سوورەکان هەفتەیەکی جەنجاڵیان تێپەڕاند، ئەویش دوای بەیاننامەکەیان لەسەر دوورخستنەوەی جەیدن سانچۆ یاریزانی لاوی یانەکەیان بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ تێن هاگی راهێنەری یانەکەی، بەڵام دۆڕانەکەی ئەم یارییە کێشەکانی راهێنەرە هۆڵەندیەکەی قوڵتر کرد.
مانچێستەر یونایتد ئەم وەرزە پێش ئەم یارییە لە کۆی چوار یاریی دوو یاریی دۆڕا بوو، هاندەرانی یانەکە بەو هیوایە بوون لەم یارییە قەرەبوی ئەو دۆڕانانە بکەنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە تووشی دۆڕانێکی قورس بوون.
تۆتێنهام 2-1 شێفڵد یونایتد
پۆستێکۆگلۆی راهێنەری تۆتێنهام و جەیمس مادیسۆن دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترینەکانی مانگی یەکەمی پرێمەرلیگ، هیوای زۆریان پێشکەش بە هاندەرانی یانەکەیان کرد بۆ بردنەوەیەکی دیکە.
سپێرز زۆر نەمابوو لە یاریگای خۆی تووشی یەکەم دۆڕانی ئەم وەرزە بێت و ئەوان تاوەکو کۆتا خولەکەکانی یارییەکە بە گۆڵێک لە دواوە بوون، بەڵام ریچالیسۆن و کۆلۆسێفێسکی بە هانای یانەکەیان هاتن و لە ماوەی سێ خولەک دوو گۆڵیان کرد و دۆڕانیان بە بردنەوە گۆرییەوە.