ئیتاڵیاگرنگترین

کریستیانۆ رۆناڵدۆ سکاڵا لەسەر یانەیەکی پێشووی تۆماردەکات

Yariga App

یاریگا –

کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی بریاریداوە سکاڵا لەسەر یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی تۆماربکات.

رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و هێرشبەری پێشووی یانەی یوڤێنتوس، بەهۆی پێنەدرانی بەشێک لە مووچەکەی، بڕیاریداوە رێکاری یاسایی بەرامبەر یانە ئیتاڵییەکە بگرێتەبەر.

رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەوەیش کردووە، بڕی 19.9 ملیۆن یۆرۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لای یانە ئیتاڵییەکە ماوەتەوە و تا ئێستا بە یاریزانەکەیان نەداوە.

لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، یارییەکان بەبێ هاندەر بەڕێوەدەچوون، ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونی سەرچاوەی داهاتی یەنەکان و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی یاریزانەکانیان.

لەو کاتەدا یوڤێنتوسیش وەک یانەکانی دیکە، بە رێککەوتن لەگەڵ یاریزانەکانی بڕیاریدا بەشێک لە مووچەکانیان پاشەکەوت بکات، دواتر لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی مووچەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

بەڵام خانمە پیرەکە تا ئێستا مووچەی پاشەکەوتکراوی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی نەگەڕاندووەتەوە، بەو هۆیە رۆناڵدۆ سەرجەم پەڕاوەکانی دۆسیەکەی پێشکەش با داواکاری گشتی تۆرین کردووە، داوای مافی خۆی دەکات.

یوڤێ بە قەیرانێکی گەورەی یاساییدا تێدەپەڕێت، بەهۆی دۆسیەی گەندەڵی یانەکە رووبەڕووی کەمکردنەوەی خاڵ و بێبەشبوونی لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان بووەتەوە.

هاوکات لیۆناردۆ بۆنۆچی ئیتاڵی و ئەستێرەی پێشووی یانەکە بڕیاریداوە سکاڵا لەسەر یانەکە تۆماربکات، یوڤێ تۆمەتبار دەکات بەوەی ناوی یاریزانەکەیان ناشرینکردووە و بە شێوەیەکی ناشایستە هەڵسوکەوتیان لەگەڵیدا کردووە.

جیا لەوە، پاولۆ دیبالای ئەرجەنتینیش بەشێوەیەکی زارەکی لەگەڵ یانەکە گەیشتووەتە رێککەوتن تا سکاڵایەکی دژیان بکشێنێتەوە، کە یانەکە بڕی 3 ملیۆن یۆرۆی ئەستێرەکەی پێشووی قەرزارە.

زیادبوونی سکاڵای کریستیانۆ رۆناڵدۆی براوەی 5 خەڵاتی باڵۆندۆر، گرفتەکانی یوڤێنتوس زیاتر دەکات، ئێستا بەرپرسانی یانەکە بەدوای رێگەچارەیەکی گونجاو دەگەڕێتن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.

رۆناڵدۆ لە هاوینی 2018 بە بڕی 117 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدریدەوە گواسترایەوە بۆ یوڤێنتوس، بە درێسی یانە ئیتاڵییەکە 134 یاری کرد، 101 گۆڵی کرد و 22 گۆڵیشی درووستکرد.

2 نازناوی سێریا ئەی، 2 نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیا و نازناوێکی جامی ئیتاڵیای لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button