ریال مەدرید بیر لە هەنگاوێکی کردەیی لەگەڵ ئێمباپێ دەکاتەوە
یاریگا –
ریال مەدرید دەیەوێت بەر لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا، لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بگاتە رێککەوتن، دواتر لە بازاڕی گواستنەوەکانی هاوینە، بەخۆڕایی بیگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بڕی 232 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی سوپەرستاری فەرەنسا ئامادەکردووە. ئەم بڕە پارەیە مووچە، شیرینی و پاداشت لەخۆدەگرێت.
لە مێرکاتۆی هاوینەدا، پەیوەندییەکانی نێوان ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان زۆر ئاڵۆز بوو، تەنانەت لە گەشتی ژاپۆن دوورخرایەوە و دواتر گەڕێندرایەوە نێو پێکهاتە. بەڵام یاریزانە فەرەنسییەکە تاوەکو ئێستا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رازی نەبووە، تەنانەت پاریس ئامادەیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە بەو مەرجەی لە هاوینی داهاتوودا، بە بڕە پارەیەک پاریس جێبهێڵێت.
ئێمباپێ لەم وەرزەدا لە کۆی سێ یاریدا، پێنج گۆڵی کردووە و رۆڵێکی باڵا لە هێڵی پێشەوەی یانەکەدا دەگێڕێت.
پاریس سانجێرمان دەیەوێت ئۆفەرێکی نوێی پێشکەشی ئێمباپێ بکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ریال مەدرید هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئاسکە ئەسمەرەکە دەستپێکردووە و دەیەوێت بەر لە سەری ساڵ، هەموو شتێک لەگەڵ کیلیان یەکلایی بکاتەوە.