ریال مەدرید پلانی دژە سعودییەکان دادەڕێژێت
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید دەیەوێت بڕگەیەکی دژە سعودییەکان لە گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ دابنێت.
کیلیان ئێمباپێی فەڕەنسی و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ ئاشکرایکرد، کە گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان نوێ ناکاتەوە، کە گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت.
خودی یانە فەڕەنسییەکەو میادیاکانیش لەسەر ئەوە کۆکن، کە ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات، نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی بەڵگەیەکی گەورەیە لەسەر چوونی ناوبراو بەرەوە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
هەر لەو بارەیەوە رۆژنامەی فووت مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پلانی داناوە بۆ پارێزگاریکردن کە کیلیان ئێمباپێ، لە ئۆفەرە زەبەلاحەکانی یانە سعودییەکان مەرجێکی قورس لە گرێبەستەکەی دابنێت.
Le Real Madrid veut inclure une clause anti-saoudiens dans le futur contrat de Mbappé https://t.co/vuu4z2bAqm
— Foot Mercato (@footmercato) September 11, 2023
بەپێی سەرچاوە فەڕەنسیەکە، پێرێز نیازی وایە لە گرێبەستی هێرشبەرە تەمەن 24 ساڵانییەکەدا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بۆ یانە ئەوروپییەکان لە 800 ملیۆن بۆ 1 ملیار یۆرۆ بێت، هەروەها بۆ یانە سعودییەکانیش لە 1 ملیار بۆ 1 ملیار و 300 ملیۆن یۆرۆ بێت.
سعودیەکان لە مێرکاتۆی هاوینە دەیان گرێبەستی زەبەلاحیان ئەنجامداوە، ریال مەدریدیش بێبەش نەبووە لە هێرشی یانەکانی ئەو وڵاتە، پاش کەریم بێنزێمای فەڕەنسی و ئەفسانەی یانەکە گواسترایەوە بۆ یانەی ئیتیحاد.
هەر بۆیە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە هەست بە مەترسی ڕاستەقینەی سعودییەکان دەکات، بۆ ئەو مەبەستەیش لە ئێستاوە پلانی خۆی داڕشتووە بۆ پارێزگاریکردن لە ئەستێرەکانی.