یاریگا –
رۆدری ئیسپانی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی، داوای کۆنتڕۆڵکردنی چوونی یاریزانە ئەوروپییەکان دەکات بۆ سعودیە.
لەم هاوینە دەیان ئەستێرەی ناوداری تۆپی پێی ئەوروپا روویان لە خولی رۆشەنی سعودی کرد، لە ناویاندا هەریەکە لە یاریزانانی مانچێستەر سیتی، ریاز محرز و ئێمریک لاپۆرتی هاوڕێی رۆدری روویان لە سعودیەکرد بۆ یاریکردن.
ئەم هەنگاوەی یاریزانە ئەروروپییەکان رۆدری نیگەران کردووە، ناوبراو دەیەوێت رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر تا لە داهاتوودا ئەستێرەی دیکەی ئەوروپا پەیوەندی بەو خولەوە نەکەن،داهاتوویی تۆپی پێی ئەوروپا نەکەوێتە مەترسی زیاتر.
لەو بارەیەوە ئەستێرە ئیسپانییەکە لە لێدوانێکی بۆ پێگەی مانچێستەر ئێڤنینگ نیوز بەمشێوەیە دوا:
ئەم دۆخە دەبێتە هۆی شکستی تۆپی پێی ئەوروپا، ئەو بڕیارەی یاریزانەکان دەیدەن بڕیارێکی تایبەت بە خۆیان و کەسییە، هۆکارەکەی ئەو ئۆفەرە گەورانەیە کە پێشکەشیان دەکرێت و ناتوانن رەتی بکەنەوە
رۆدری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
ئێمەی ئەوروپییەکان ئەم دۆخەمان بەدڵ نییە، دەبێت رۆیشتنی یاریزانە بەهرەمەندەکان بۆ سعودیە کۆنتڕۆڵ بکرێت، سەرەتا وا دیاربوو تەنیا ئەو یاریزانە پیشەگەرە دێرینانەی لە کۆتایی ژیانی وەرزشییاندان روو لەو خولە دەکەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاو، یاریزانە لاوەکانیش ئەوروپا بەرەو ئەو خولە جێدەهێلن. رێز لە بڕیارەکانیان دەگرم بەڵام دەبێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لەم مێرکاتۆیە لەگەڵ رۆیشتنی سادیۆ مانێ، رۆبێرتۆ فیرمینۆ، کەریم بێنزێما، ئێنگۆلۆ کانتێ و نەیمار دا سیلڤا، چەند یاریزانێکی لاوی وەک گابری ڤیێگا و روبن نێڤێش کە لە قۆناخی سەرەتای ژیانی وەرزشییاندابوون روویان لە سعودیە کرد.
یانەی ئیتیحادی سعودیش لە کۆتا رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، بۆ گواستنەوەی محەمەد سەڵاح، ئۆفەرێکی زەبەلاحی بە بەهای 215 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە لیڤەرپوول کرد، بەڵام رێدز ئامادە نەبوو بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەستێرە میسڕیەکەی ببێت.
پێشبینی دەکرێت ئەم مێرکاتۆیە تەنیا دەستپێکێک بووبێت بۆ پڕۆژە گەورەکەی سعودییەکان، وا چاوەڕوان دەکرێت لە مێرکاتۆکانی داهاتوو سعودییەکان بەشێوەیەکی فراوانتر بەشداری بازاڕەکە بکەن، ئەمەش ترسی خستووەتە دڵی ئەوروپییەکان و هەست بە مەترسی دەکەن بۆسەر خولە بەهێزەکانیان.