یاریگا –
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی دان بەوەدا دەنێت، تاوەکو ئێستا یاریزانێکی ‘کامڵ’ نییە و دەیەوێت هاوشێوەی لیۆنێل مێسی، یاریزان ببڕێت.
هالاند و لیۆ مێسی دوو پاڵێوراوی سەرەکین بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر. هالاند سێ نازناوی لەگەڵ مان سیتی بەدەستهێناوە و مێسیش نازناوی جامی جیهانی بردووەتەوە.
هالاند لە لێدوانێکیدا لەگەڵ گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ دەڵێت
بڕوام بە خۆم هەیە و پێم وایە دەرفەتێکی بچووکم هەیە، شێوازی بڕینی مێسی بۆ یاریزانان خراپ نییە و دەمەوێت وەک ئەو یاریزان ببڕم.
هالاند قسەی لەبارەی بەراوردی نێوان خۆی و کیلیان ئێمباپێ لە میدیاکاندا کرد
دەبێ ئەوەمان لەیاد بێت، چۆن مێسی و رۆناڵدۆ کاری سەرشێتانەیان کرد، دەبێ ئەوەشمان لە یاد بێت، تاوەکو ئێستا بەردەوامن، سەرەڕای گەورەیی تەمەنیان، هێشتا یاریزانی زۆر باشن، هەست بە شانازی دەکەم، چونکە بینەری دوو پاڵەوانی نائاسایی وەک ئەوان بووم.
فرانس فووتبۆڵ پرسیارێکی لە هالاند کرد، ئایا ئیلهام لە هیچ شتێکی رۆناڵدۆ یان مێسی وەردەگرێت، هالاند گوتی
تەنیا سەرنج لەسەر خۆم دادەنێم، دەمەوێت رۆژانە ئاستم بەرەو پێش بچێت و چێژ لە کردەوەکانم وەربگرم، دەمەوێت باشترین ڤێرژنی خۆم بم. راستە من زۆر سەیری یارییەکان دەکەم، چونکە حەزم لە تۆپی پێیە و سەرسامم بە یاریزانانی ڤیکتۆر ئۆسیمین و کیلیان ئێمباپێ.
هالاند لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی 52 گۆڵی کرد، ئەمەش دوای گواستنەوەی بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە.
لەم وەرزەدا هالاند شەش گۆڵی لە پرێمەرلیگ کردووە، ئەمەش دوای بەشداری کردنی لە چوار یاریدا.