یاریگا –
ڤێرجیل ڤان دایك، بەرگریكاری هۆڵەندی و كاپتنی یەكەمی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەیاننامەیەكی فەرمی لە دوای زیادكردنی سزای راگیرانەكەی بڵاوكردەوە.
لە یاری نیوكاسڵ بەرامبەر لیڤەرپوول لە یاریگای سانت جەیمس پارك كە رێدز بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك یارییەكەی بردەوە، لە میانی یارییەكانی هەفتەی سێیەمی پرێمەرلیگ ڤان دایك بە كارتی سوور كرایە دەرەوەی یاریگا.
بەهۆی كارتە سوورەكەوە ڤان دایك بەشداری یاری رابردووی یانەكەی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا نەكرد، بەڵام سزاكەی بەرگریكارە هۆڵەندیەكە بۆ یارییەكی دیكەش زیادكرا بەهۆی هەڵسوكەوتی نا وەرزشی بەرامبەر ناوبژیوانان و سزای دارایی 100 هەزار پاوەندیش درا.
ڤان دایك لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ستۆری ئینستاگرام نووسیویەتی:
دوای راگەیاندنی بڕیاری ئەمڕۆ تەنیا دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە، بڕیاری لیژنەکە بە تەواوی قبوڵ دەکەم، ئەوە یەکەم کارتی سوور بوو لە ژیانی وەرزشیمدا لەگەڵ لیڤەرپوول و بەهۆیەوە بێزاریم لە ساتێکی چڕ و گەرمدا زاڵ بوو بەسەرمدا.
دوای یارییەكە راستەوخۆ داوای لێبوردنم لە ناوبژیوانانی یارییەكە كرد و بەرپرسیاریەتی تەواوم لە ئەستۆ گرت، ئێستاش كاتی ئەوەیە بڕۆمە پێشەوە و بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە تیمەكەم دەكەم.
بەوەش رێدز لە تواناكانی ڤان دایك لە یاری داهاتووی یانەكەی بەرامبەر وۆلڤز بێ بەش دەبێت.
لیڤەرپوول بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی پرێمەرلیگ دێت و بە جیاوازی دوو خاڵ لە دوای سیتی پێشەنگ و بە جیاوازی گۆڵ لە دوای تۆتنهامی دووەمەوەیە.