لوکا مۆدریچ ئەمرۆ بە راشکاوانە باسی لە تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی و مەرجی مانەوەی کرد.
ئەستێرە مێژووییەکەی کرواتیا و مەدرید ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆی ساڵی ئاییندە. ناوبراو وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە بۆ “ئێس ئێن” و وتی
من تەنها بۆ ئەوە نەماومەتەوە لەسەر کورسی یەدەگ دابنیشم بەڵکو دەمەوێت یاری بکەم و یارمەتی تیمەکە بدەم. لەوە تێدەگەم رکابەرییەکی زۆر هەیە لە هێڵی ناوەڕاست و خاوەنی یاریزانی لاوی بەتوانایان هەر بۆیە منیش هەمووکات مەشق دەکەم و هەوڵی خۆم دەدەم تاوەکو جێگەی متمانە بم. ئێمە یاریزانە کۆنەکان دەبێت یارمەتی لاوەکان بدەین گەشە بکەن و دواتر جێگەی ئێمە بگرنەوە.
سەبارەت بە تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا و مەرجی مانەوەی وتی
من تەنها یەک مەرجم هەبوو، ئەویش سەیرکردنم بوو وەکو یاریزانێک کە هێشتا توانای هەیە نەک تەنیا لەبەر ئەوەی لە رابردوو خزمەتم کردووە گرێبەستەکەم نوێ بکەنەوە. ئەوە هیوای خۆم بوو کە منیش وەکو سەرجەم یاریزانەکانی دیکە بجەنگم بۆ ئەوەی یاریم پێبکرێت.
مۆدریچ بۆ سێ یاری لەسەر کورسی یەدەگ بوو، سەبارەت بەوەش وتی
یەکەمجار بوو لە سێ دوای دوای یەک بخرێمە سەر کورسی یەدەگ. هەستێکی نامۆ بوو، کەسیش ئەوەی پێ خۆش نیە. بەڵام بڕیار لای راهێنەرە و هەرگیز بەهۆی ئەوەوە دڵتەنگ و تووڕە نابم. گرنگترین شت ئامانجەکانی یانەکەیە و منیش دەمەوێت بەو ئاڕاستەیە هەنگاوبنێم کە لە بەرژەوەندی مەدرید دایە.
کوڕە شیرینەکەی لۆس بلانکۆس سەبارەت بە ئۆفەری سعوودییەکان وتی
دڵخۆشم کە لە مەدرید ماومەتەوە. وە بیرم لە بژاردەی دیکە نەکردەوە، وە پێویستم بەوە نیە ، ناوبانگ بۆ خۆم دروست بکەم بە باسکردنی ئۆفەری گەورە. تەنها دەڵێم بیرم تەنیا لای مەدرید بووە و لێرە چێژ لە کەشی یاریکردن وەردەگرم
مۆدریچ بە هەر سێ یارییەکەی سەرەتا بەرامبەر بلباو، ئەلمێریا و سێلتاڤیگۆ تەنها 56 خولەک بەشداری پێکرا بەڵام لە هەفتەی چوارەم بەرامبەر خیتافی لە پێکهاتەی سەرەکیدابوو تاوەکو لە خولەکی 76 ئاڵوگۆڕی پێکرا.