ئیسپانیاگرنگترین

روبیالێس لەلایەن ئەستێرەکانی ئیسپانیا رەخنەباران دەکرێت

یاریگا –

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، رەخنەی توند لە لویس روبیالێس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەگرن.

لە دوای رووداوی ماچەکەی نێوان روبیالێس و جێنی هێرمۆسۆی یاریزانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا لە یاری کۆتایی جامی جیهانی خانمان، لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا فشارێکی زۆر لەسەر روبیالێس دروستبووە.

ئالڤارۆ مۆراتا، کاپتنی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە

هەڵسوکەوتەکەی بەڕێز روبیالێس مایەی قبوڵکردن نییە و هاوتەریب نییە، لەگەڵ ئاستی ئەو دامەزراوەیەی نوێنەرایەتی دەکات. بەڕوونی و توندی پاڵپشتی لەو بەهایانە دەکەین کە نوێنەرایەتی وەرزش دەکەن. پێویستە تۆپی پێی ئیسپانیا، بزوێنەری رێزگرتن، ئیلهام بەخشین، ئاوێتەبوون و فرەیی بێت. پێویستە بە هەڵوێستەکانی ببێتە سیمبوول لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا.

دادگای بەڕێوەبردنی وەرزشی لە ئیسپانیا، لێکۆڵینەوەی لە دژی روبیالێس بە تۆمەتی خراپی و مەترسیداری هەڵسوکەوت دەستپێکردووە.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ روبیالێسی لە پەیڕەوکردنی تەواوی چالاکییە وەرزشییەکانی پەیوەندیدار بە تۆپی پێ، بۆ ماوەی 90 رۆژ سڕ کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button