”محەمەد سەڵاح خەریکی چاو چاوانێیە لەگەڵ سعودییەکان”
یاریگا –
ئەفسانەیەکی لیڤەرپوول، هۆشداری بە کارگێڕی یانەکە دەدات و پێی وایە، محەمەد سەڵاح نیازی جێهێشتنی رێدزی هەیە.
گرایم سۆنس، کاپتنی سەردەمی زێڕینی لیڤەرپوول لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هۆشداری دەداتە دەستەی کارگێڕی یانەکە، بەوەی ئامادەکاری بۆ چوونە دەرەوەی سەڵاح بکەن.
ئیتیحادی سعودی مانگێکە هەوڵەکانی لەگەڵ سەڵاح دەستپێکردووە و پێشتر ئۆفەرێکیان بە بڕی 150 ملیۆن پاوەند پێشکەشی لیڤەرپوول کرد، بەڵام ئۆفەرەکەیان رەتکرایەوە. ئێستا باس لە سووربوونی یانە سعودییەکە بۆ گواستنەوەی سەڵاح دەکرێت و ئەمجارە ئۆفەرێک بەبڕی 200 ملیۆن پاوەند، دەخەنە بەردەم لیڤەرپوول، ئەمەش بەر لە داخرانی بازاڕی گواستنەوەکانی خولی رۆشنی سعودیە لە 7ی ئەم مانگە.
سۆنس کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی نێو یانەکەیە لە گۆشەی تایبەتی خۆیدا لە رۆژنامەی دەیلی مەیڵ، نووسیویەتی
هیچ هەڵەیەک مەکەن، سەڵاح خەریکی چاو چاوانێیە لەگەڵ سعودییەکان. تاوەکو ئێستا نە خۆی نە یەکێک لە نوێنەرانی بە ئاشکرا نەهاتوون بڵێن، ئێمە نامانەوێت بچینە سعودیە. ئەگەر بیەوێت لە لیڤەرپوول بمێنێتەوە، دەبێ بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوە و هەڵوێستی خۆی دیار بکات. سەڵاح خەریکە یاری لەگەڵ بیرۆکەکە دەکات، پێم وایە هەستێکی لەلا دروستبووە و دەیەوێت بچێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری لیڤەرپوول تەواوی دەنگۆکانی گواستنەوەی محەمەد سەڵاحی رەتکردووەتەوە و مانەوەی ئەستێرە میسرییەکەی لە ئانفیڵدڕۆد پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام سۆنس پێی وایە، هێشتا بازاڕی گواستنەوە کراوەیە و مەترسی لەدەستدانی سەڵاح لە ئارادایە.
پێویستە بڵێم، دەترسم لیڤەرپوول مۆ سەڵاح لە بەرژەوەندی سعودییەکان لەدەستبدات. پێم وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا و بەر لە داخرانی بازاڕی گواستنەوەکان لە سعودیە، سەڵاح پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات. سەڵاح موسڵمانە و میسرییە، چوون بۆ شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام و نزیک لە وڵاتەکەی، بیرۆکەیەکی کراوەیە. با ئەمەش بڵێین، لە ماوەی 13 ساڵدا شەش یانەی گۆڕیوە و ئێستا شەش ساڵە لە ئانفیڵدە. گومانم هەیە، ئێستا بیر لە گۆڕینی یانەکەی دەکاتەوە، ئێستا دەڵێت، پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگم بردووەتەوە، ئیتر بەسە.
لیڤەرپوول سبەی لە چوارەم گەڕی پرێمەرلیگدا لە ئانفیڵدڕۆد میوانداری ئاستۆن ڤیلا دەکات.