ریال مەدرید گرێبەستی دیکە واژۆ ناکات
یاریگا –
مێرکاتۆی هاوینە بۆ ریال مەدرید کۆتایی هاتووە، یانەکە هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازێتەوە.
رۆژنامەنووسی رۆژنامەی مارکا خۆسێ فێلیکس دیاز بڵاویکردووەتەوە، مێرکاتۆ بۆ ریال مەدرید کۆتایی هاتووە، یانەکە لەم هاوینە هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازێتەوە، تەنیا رێگە بە رۆیشتنی ئۆدریۆزۆلا دەدات بۆ ریال سۆسیداد.
بەپێی زانیارییەکانی دیاز، بەهۆی ئەگەری هاتنی ئێمباپێ، و زۆری تەمەنی یاریزانەکە ریال مەدرید لە گواستنەوەی هاری کەین کشایەوە، هەر بەهۆی کیلیان یانەکە لەم مێرکاتۆیە بیری لە گواستنەوەی هیچ هێرشبەرێکی دیکە نەکردووەتەوە.
بەڵام ریال مەدرید بەهیچ جۆرێک گفتوگۆی لەگەڵ پاریس سانجێرمان و ئێمباپێ نەکردووە، مەدرید کاتێک دەست بە جوڵە دەکات، کە کیلیان بڵێت پاریس جێدەهێڵم، کە تا ئێستا هێرشبەرە فەڕەنسییەکە رۆیشتنی خۆی رانەگەیاندووە و تەنیا دەڵێت ئەم وەرزەیش لە پاریس دەمێنمەوە.
⚪ El Real Madrid no fichará
⚽ El conjunto blanco hace semanas cerró la puerta de llegadas y sólo podría haber movimiento por las salidas de Odriozola y Reinier
🖊 Nos lo cuenta @jfelixdiaz 👇https://t.co/lmxRhNCVBX
— MARCA (@marca) August 30, 2023
رۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەیش کردووە، لەم دواییانەدا هەندێک هەواڵ بڵاوکرانەوە، بەڵام ریال مەدرید هەرگیز لە ئێمباپێ نزیک نەبووەتەوە، پێدەچێت ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئەمەش ریال مەدرید تووشی سەرسوڕمان ناکات چوونکە لە رابردوو هەمان کاری کردووە.
هۆکارێکی دیکە کە مێرێنگی پەلە ناکات لە گواستنەوەی هێرشبەر ئەوەیە، یانەکە وانەی وەرگرتووە لە گواستنەوەی ماریانۆ دیاز و لوکا یۆڤیچ کە دوو گرێبەستی شکست خواردوو بوون بۆ تیپەکە و سودێکی ئەوتۆیان نەبوو.
بەپێی هەمان سەرچاوە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە و کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە، متمانەی تەواویان بە پێکهاتەی ئێستای تیپەکە هەیە، بڕیاریانداوە هیچ گرێبەستێکی دیکە واژۆ نەکەن.