یاریگا –
بەهۆی ئامادەنەبوونی ڤینیسیۆس جونیۆر، ریال مەدرید بە پێکهاتەیەکی جیاواز رووبەڕووی خێتافی دەبێتەوە.
لە بەرواری 2ـی ئەیلوول کە دەکاتە رۆژی شەممەی داهاتوو، لە میانی یارییەکانی گەڕی چوارەمی لالیگا و لە دێربی بچووکی مەدرید، یانەی ریال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداری یانەی خێتافی دەکات.
ئەم یارییە دەبێتە یەکەم یاری ریال مەدرید لە وەرزی نوێ لە یاریگای خۆیدا، بەهۆی بەردەوامی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یانەکە سێ یاری رابردووی بەدوای یەک لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئەنجامدابوو.
بەهۆی پێکان، ریال مەدرید لەم یارییە بێبەش دەبێت لە تواناکانی هەریەکە لە یاریزانان تیبۆ کۆرتوا، ئێدێر میلیتاو، ئاردا گولەر، دانی سێبایۆس، فێرلان مێندی و ڤینیسیۆس جونیۆر.
بەو هۆیەش کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە ناچارە پێکهاتەیەکی جیاواز تاقی بکاتەوە، بە تایبەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هێڵی پێشەوەی تیپەکەی.
بەپێی پێگەی رێلێڤۆ، پێکهاتەی پێشبینیکراوی ریال مەدرید بەمشێوەیە دەبێت”
گۆڵپارێز: کێپا ئاریزابالاگا.
هێڵی بەرگری: فران گارسیا، دەیڤد ئالابا، ئانتۆنیۆ رودیگەر، دانیێل کارڤاخال.
هێڵی ناوەڕاست: ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئۆرلێیەن چوامینی، فێدێریکۆ ڤالڤێردی، جود بێڵینگهام.
هێڵی هێرشبەر: رۆدریگۆ و خۆسێلو.