بۆچی مێسی لە یارییەکاندا کەم رادەکات؟
یاریگا –
لیۆنێل مێسی، بە نمایشی جیاواز و رۆیشتنی لەسەرخۆی لە کاتی یارییەکاندا، سەرنجی هەموو لایەکی بۆ خۆی راکێشاوە.
هەرچەندە ئەمە شێوازێکی نوێی لیۆ نییە، بەڵکو لە ماوەی یاری کردنی لە بارسێلۆنا، زۆر جار مێسی بینراوە، لەسەرخۆ و بە هێواشی گوزەر بە نێو یاریگادا دەکات. هەروەها لە زۆربەی یارییەکانیدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان، مێسی بە هەمان شێواز بیندرایەوە.
لە راپرسییەکی تۆڕی هەواڵی BBC Sport دا، مێسی لە 10 پلەی یەکەمی ریزبەندی ئەو یاریزانانەدا دێت کە زۆرترین ماوەیان بڕیوە، نەک بە راکردن، بەڵکو بە رۆیشتنی لەسەرخۆ لە کاتی یارییەکاندا.
ریۆ فێردیناند، بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد و ئینگلتەرا لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2022 لەبارەی شێوازی یاری کردنی مێسییەوە گووتی
مێسی وای پیشان دەدات کە زۆر گرنگی بە یارییەکە نادات، لەناکاو دەگەڕێتەوە یاری کردن، بەم شێوازە دەتوانێت بۆشایی یاری کردن لە هەر سووچێکی یاریگا بکاتەوە، ئەمەش جیاوازی نێوان مێسی و یاریزانانی دیکەیە.
Ferdinand on Messi: “He looks soo uninvolved, then all of a sudden, bang”
— 𝔻𝕣𝕒𝕪 (@sammy__dray) August 21, 2023
لە یاری کۆتایی جامی خولی ئەمریکا، مەیامی رووبەڕووی ناشڤیڵ بووەوە و ئەوەی سەرنجی هاندەرانی راکێشا، گۆڵەکەی مێسی بوو.
ڤیدیۆی گۆڵەکە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، تیایدا مێسی لەسەرخۆ دەردەکەوێت، بەڵام لە پڕ رادەکات و داوای تۆپ لە یاریزانانی تیمەکەی دەکات، ئینجا تۆپەکەی خستە نێو تۆڕی گۆڵی ناشڤیڵەوە.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی کە ماوەی چوار وەرز راهێنەری مێسی بووە لە بەڵگەفیلمێکی ئامازۆن پرایم ڤیدیۆ روونیدەکاتەوە
سەیری مێسی دەکەم، تەنیا لەسەرخۆ دەڕوات، من زۆر حەزم بەم شێوازە یارییە، چونکە لە دەرەوەی یارییەکەدا نییە، بەڵکو بە تەواوی ئاوێتەی بووە و بەردەوام سەر بۆ چەپ راست، چەپ راست دەسووڕێنێت. ئەو باش دەزانێت چی روودەدات، هەرگیز لە کاتی یارییەکاندا ناوەستێت. مێسی راناکات، بەڵکو چاودێری دۆخەکە دەکات و بۆنی خاڵە لاوازەکانی هێڵی بەرگری تیمی بەرامبەر دەکات. دوای پێنج یان 10 خولەک، خشتەی بەرگریکاران لەلای خۆی دروست دەکات و دەزانێت، بۆشایی لە کوێ دروست دەبێت. مێسی وەک ئەوە وایە لە دارستان یاری بکات.
لوک بۆرن، زانای داتا لە بارسێلۆنا، خەریکی لێکۆڵینەوەی بەردەوامە لەسەر شێوازی یارییەکان، لەبارەی جووڵەکانی مێسی لەنێو یاریگادا دەڵێت ”لێکۆڵینەوەکانی ئێمە دەریدەخەن، مێسی بۆشاییەکی زۆری یاری کردن بۆ خۆی دروست دەکات، ئەویش تەنیا بە رۆیشتنی لەسەرخۆ نەک راکردن، لە کاتی یارییەکاندا.
مێسی لەگەڵ ئینتەر مەیامی، 10 گۆڵی کردووە و سێ ئەسیستیشی هەیە، یارمەتی یانە ئەمریکییەکەی داوە نازناو بەدەستبهێنێت، ئەمەش رووداوێکی مێژووییە.