بەرپرسانی تۆپی پێی ئیسپانیا داوای دەست لەکارکێشانەوەی دەستبەجێ لە روبیالێس دەکەن
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی تۆپی پێی ئیسپانیا و سەرۆکی ناوچە و هەرێمەکانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، بڕیاردرا پشتیوانی لە خانمە هێرمۆسۆ بکەن و هەوڵ بۆ لەکارلادانی لویس روبیالێسی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکەیان بدەن.
ئەندامانی کۆبوونەوەکە، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە
دوابەدوای ئەو پێشهاتانە و ئەو رەفتارە نەشیاوانەی کە زۆر بە خراپی وێنەی تۆپی پێی ئیسپانیایان شێواندووە. سەرۆکەکان (سەرۆکی تۆپی پێی هەرێمەکانی ئیسپانیا) داوای دەست لەکار کێشانەوەی دەست بە جێ لە سەرۆکی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکەن. وە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە خێرایی هەستن بە دووبارە رێکخستنەوەی تۆپی پێی وڵات و دانانی کەسی شیاو لە پۆستە ستراتیجییەکان بۆ ئەوەی کارەکان باشتر بەڕێوە ببرێن”.
لە میانەی یاری کۆتایی جامی جیهانی خانماندا کە ئیسپانیا بووە پالەوان، لویس روبیالێسی سەرۆکی یەکێتییەکە، ماچی کچە یاریزانێکی کرد بە بێ ویستی خۆی و ئەمەش کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا. وەڵامی روبیالێس بۆ ئەو کەیسەو هێرشکردنە سەر کچەکە لەبری داوای لێبوردن هێندەی دیکە بابەتەکەی قوڵترکردەوە.