مەدرید بەنیاز نیە هیچ هێرشبەرێک بکڕێت
یاریگا-سیاسەتە سەیروسەمەرەکەی ریاڵ مەدرید درێژەی هەیە و سەرەڕای پێکانی ڤینیسیوس جونیۆرز بەنیاز نیە هیچ هێرشبەرێک بگوازێتەوە.
لە ئێستادا هێڵی پێشەوەی مەدرید تەنها رۆدریگۆ، خۆسێلو و براهیم دیازی لە خۆگرتووە. چاوەڕواندەکرا دوای راگەیاندنی پێکانی ڤینی و ماوەی دوورکەوتنەوەکەی، مەدرید هەوڵ بۆ گواستنەوەی یاریزانێک بدات. بەڵام ئارانکا رۆدریگێزی رۆژنامەنووسی کۆپ رایگەیاند، مەدرید بڕیاریداوە هیچ یاریزانێک نەگوازێتەوە بۆ هێڵی پێشەوە.
هەروەها رۆژنامەی مارکا دەڵێت، زۆرێک لە بریکاری یاریزانان پەیوەندییان بە مەدریدەوە کردووە تاوەکو یاریزانەکانیان پێشکەشی یانەکە بکەن، بەڵام وەڵامی مەدرید ئەوەبووە هیچ یاریزانێک ناگوازنەوە.
ئەمە لە کاتێکدا، ئەگەر هەر هێرشبەرێکی دیکەیان تووشی پێکان بێت ئەوا یانەکە دەکەوێتە قەیرانێکی قوڵەوە و ڤینیسیوس جگە لە لالیگا، لە چەند یارییەکی قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی پاڵەوانەکانیش دادەبڕێت.
تاکە هیوای هاندەرانی یانەکە ئەوەیە، رێککەوتنێکی نهێنی لە نیوان یانەکە و کیلیان ئێمباپێ هەبێت و بەر لە داخستنی بازاڕی گواستنەوە، یانەکە بیکاتە گەورەترین سوپڕایزی هاوینی ئەمساڵ.