یانەکانی ئێران و سعودیە لە یاریگاکانی خۆیان رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە
وتەبێری وەزارەتی دەرەوەی ئێران باس لە بابەتەکە دەکات
یاریگا
قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لە وەرزی دوای سێ هەفتە لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە هەر سێ نوێنەری ئێران (سپاهان، نەساجی و پێرسپۆلیس) رووبەڕووی یانە سعودیەکان دەبنەوە، بەڵام بەهۆی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەردوو وڵات، دیار نیە یارییەکانی ئەو یانانە لە کام وڵات بەڕێوە دەچێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا یاریگاکانی هەر یەک لە یانەکانی سپاهان و نەساجی و پیرسپۆلیسی بۆ پێشوازی کردن لە رکابەرەکانی دیاریکردووە، بەڵام بۆ یارییەکانی یانە سعودیەکان هیچ یاریگایەکی دیاری نەکردووە، بۆیە یانەکانی هەردوو وڵات دەبێت لە وڵاتی بێ لایەن یاریی بکەن.
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر ئەم پرسە گووتی” بەم دواییانە پەیوەندیەکانی ئێمە لەگەڵ سعودیە بەرەو ئاسایی بوون دەچێت، بۆیە هەموو هەوڵێک لەگەڵ هاوتاکانمان دەدەین بۆ ئەوەی چیدیکە یانەکانی هەردوولامان لە وڵاتی سێیەم یاریی نەکەن ”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی کاردانەوەی سعودیەکان لەسەر ئەم بابەتە گووتی ” ئەوانیش گەشبینن بەم بابەتە و هیوادارین کۆتایی بەم کێشانە بێنین و یانەکانمان لە وڵات و یاریگاکانی خۆیان رووبەڕووی یەکتری ببنەوە ”.