ئیتیحاد بەختی خۆی لەگەڵ سەڵاح تاقیدەکاتەوە
یاریگا –
ئیتیحاد دەیەوێت بەختی خۆی لەگەڵ لیڤەرپوول تاقیبکاتەوە و ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی محەمەد سەڵاح پێشکەش بکات.
لە ماوەی رابردوودا زۆر باس لە گواستنەوەی سەڵاح بۆ ئیتیحادی سعودی کرا و چیرۆکەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە. بە گوێرەی دوایین راپۆرتەکان، ئیتیحادی سعودی دەیەوێت ئۆفەرێک بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە سەڵاح بکات.
گرێبەستی محەمەد سەڵاح لە هاوینی ساڵی 2025 لە لیڤەرپوول بەسەردەچێت، ئەستێرە میسرییەکە هەرگیز باسی لە چوونە دەرەوەی لە ئانفیڵدڕۆد نەکردووە.
تۆڕی هەواڵی CBS Sports بڵاویکردووەتەوە، ئیتیحاد دەیەوێت پارەیەکی زۆر بۆ سەڵاح دابین بکات، تاوەکو بتوانێت رازی بکات و شان بە شانی کەریم بێنزێما سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی پڵنگەکانی جەددە بکات.
ئیتیحاد ئامادەیە، مووچەی سەڵاح هاوشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نێیمار دا سیلڤا بکات و هێزێکی زیاتر بە یانە گەورەکەی سعودیە بدات، چونکە لە کۆتایی ئەمساڵ، بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات و چاوی لە نازناوەکەیە.
لیڤەرپوول هیچ نیازێکی بۆ دەستبەرداربوون لە سەڵاح نییە، بەڵام ئەگەر یاریزانە میسرییەکە نیازی چوونە دەرەوەی هەبێت، ئەوا رێدز رەنگە بیر لە پڕۆسەکە بکاتەوە.