ئیسپانیاگرنگترین

دایکی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا مان لە خواردن دەگرێت

Yariga App

یاریگا –

ئانخێلیس بێژار، دایکی لویس روبیالێس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا مانی لە خواردن گرت.

روبیالس کەتووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە و فشارێکی زۆری لەسەرە، تاوەکو دەست لە پۆستەکەی بکشێنێتەوە. ئەمەش دوای رووداوی ماچەکەی لەگەڵ جێنی هێرمۆسۆ، لە کاتی ئاهەنگگێڕانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا، بە بردنەوەی مۆندیالی خانمان.

بێژار، دایکی روبیالێس هێرشێکی توندی کردە سەر رەخنەگران و داوا دەکات، بە زووترین کات بە یاسا راستی و دروستی بابەتەکە بخەنەڕوو.

دایکی روبیالێس لە کڵێسای دیڤینا پاستۆرا دێ مۆتریل، ناڕەزایی دەربڕی و مانی لە خواردن گرتووە، بڕیاریشیداوە، تاوەکو راستییەکان ئاشکرا نەکرێن، لە مانگرتن بەردەوام بێت.

بێژار دەڵێت ”کوڕەکەم شایەنی ئەم مامەڵەیە نییە و روبیالێس ناتوانێت زیان بە کەس بگەیەنێت”.

ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا بەڵێنانیانداوە، تاوەکو روبیالێس لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان ناکەن، جیا لەمەش، فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ روبیالێسی بۆ ماوەی 90 رۆژ سڕکرد.

لە بەیاننامەکەی فیفادا، خۆرخێ ئیڤان پالاسیۆ، سەرۆکی دەستەی تەمبێکاری فیفا روونیکردەوە، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی وەرگیراو لە ماددەی 50ی رێساکانی فیفا، بڕیارماندا بەڕێز روبیالێس لە هەموو چالاکییەکی پەیوەندیدار بە تۆپی پێی نیشتمانی و نێودەوڵەتی سڕ بکەین. هەر لەمڕۆوە کار بە بڕیارەکە دەکرێت و بۆ ماوەی 90 رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا، هەڕەشە دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری دوورخستنەوەی روبیالێسدا، لە پاڵەوانیەتییەکانی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا دەکشێنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەشداریکردنی یانەکانی ئیسپانیا لە پاڵەوانیەتییە کیشوەرییەکان دروست دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button