ئیسپانیا

بەڕێوبەرانی بارسێلۆنا ناڕەزایەتی لە سیستەمی VAR دەردەبڕن

Yariga App

یاریگا –

بەڕێوبەرانی بارسێلۆنا پێیان وایە هەڵەکانی VAR لە دوو لە سێ یاری کۆتایی لالیگادا بێ مەبەست نەبووە.

تەنها دوای سێ یاری یانەی بارسێلۆنا توڕەیی خۆی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ VAR لەم وەرزەدا نیشاندا. هەڵەکان لە یەکەم یاری بارسیلۆنا بەرامبەر خیتافی و دوێنێش بەرامبەر ڤیاڕیال بووە هۆی ئەوەی بارسێلۆنا بە توندی ناڕەزایەتی بەرامبەر لیژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا دەرببڕێت.

یەکەم یاری ئەم وەرزە بەرامبەر خیتافی بوو، کاتێک سۆتۆ گرادۆ لێدانێکی سزای لەسەر رۆناڵد ئاراوخۆ تۆمارکرد دوای ئەوەی VAR بڕیاریدا تۆپەکە بەر دەستی گاڤی کەوتووە پێش ئەوەی تۆپەکە بگاتە ئاراوخۆ.

چاڤی هێرناندێز کە لەو یارییەدا بە کارتی سوور دەرکرا، توڕەیی و سەرسوڕمانی خۆی لەم کارە نیشان دا و راستەوخۆ پرسیاری لە ناوبژیوانان کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کۆبوونەوەیەکدا روونیان کردبووەوە کە ئەگەر تۆپەکە بە مەبەست بەر دەست بکەوێت، ئەوا فاول رادەگەیەنرێت. چاڤی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دوای یارییەکە بە ئاشکرا ناڕەزایی خۆی سەبارەت بەم بابەتە دەربڕی.

لە یارییەکەی دوێنی VAR گەڕایەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر ئازاری بارسێلۆنا بدات. شەوی رابردوو گۆڵی دووەمی ڤیاریال کە ئەلێکساندەر سۆرلۆتی نەرویجی تۆماری کرد لە ناوچەی ئۆفساید بوو. هێڵی ئۆفساید لە ئەژنۆی یاریزانەکەوە کێشرا نەک لە شان کە زیاتر بەرەو پێشەوە بوو. بەم شێوەیە سەرەڕای ئەوەی لە پێگەیەکی هەڵەدا بوو، گۆڵی تۆمارکرد و گۆڵەکەی قبوڵکرا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئاس، دووەم هەڵەی VAR کە دەکرا ببێتە هۆی شکستهێنان یان وەستانی بارسێلۆنا، وایکردووە بارسا بە فەرمی ناڕەزایەتی لەم بابەتە دەرببڕێت و داوای روونکردنەوە لە لیژنەی ناوبژیوانان بکات. یانە کەتەلۆنیەکە باوەڕ ناکات هەموو ئەم هەڵانە تەنها لە سێ یاریدا بەڕێکەوت بووبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button