بێرناردۆ سیلڤا: بە بێ گواردیۆلاش سەرکەوتوو دەبین
یاریگا –
بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی پێی وایە ئامادەنەبوونی پێپ گواردیۆلا لە یارییەکەی ئەمڕۆدا کاریگەری لەسەر ئەنجامی تیپەکەیان نابێت.
ئەمڕۆ یانەی مانچێستەر سیتی لە چوارچێوەی هەفتەی سێیەمی پریمەرلیگ میوانی یانەی شێفیڵد یونایتد دەبێت لە یاریگای یانەکە.
گواردیۆلا چەند رۆژێک لەمەوبەر ناچاربوو لە ئیسپانیا نەشتەرگەری پشتی بۆ بکرێت، ئێستاش چارەسەر وەردەگرێت و نزیکە لە چاک بوونەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ناتوانێت یاوەری تیپەکەی بکات لەم دیدارە و یارییەکەی داهاتوویان بەرامبەر فولهام.
بەڵام سیلڤا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر هەر کەسێک هیوای ئەوە بخوازێت کە نەبوونی ئەم راهێنەرە کێشە بۆ تیپەکەیان دروست دەکات و دەتوانن ئەنجامی بردنەوەکانی ئەم تیپە رابگرن، ئەوا هەڵەن.
ئەستێرە پورتوگالییەکە کە بەم دواییە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەم یانە نوێکردەوەلە چاوپێکەتنێک دا کە لە پەیجە فەرمی یانەکەی بڵاو بۆتەوە، راگەیاند:
ئامادەنەبوونی پێپ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئاستی ئێمە نابێت. رەنگە ئەگەر دوو سێ مانگ ئامادەنەبووایە و نەیتوانی یاوەریمان بکات، دۆخەکە جیاوازتر دەبوو، بەڵام دوو سێ یاری پێش پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت.
سیلڤا لە درێژەی وسەکانی گوتیشی:
بەشێک لەو یاریزانانە ماوەی حەوت ساڵە لە ژێر دەستی پێپ یاری دەکەن. ئێمە بە تەواوی دەزانین ئەو و ئەندامانی دیکەی ستافی تەکنیکی چاوەڕوانی چیمان لێ دەکەن. وەک پێشتر هەوڵ دەدەین ئامادە بین. بێگومان پێپ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ خوانما لیو و هەموو هەوڵێک دەدەین پێش ئەوەی بگەڕێتەوە یارییەکانمان بردبێتەوە.