مانچینی دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەیەکی دیاری عەرەبی
یاریگا –
رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری پێشووی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، نزیکە لە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە.
نیکۆلا شیرا، رۆژنامەنووسی دیاری ئیتاڵی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، مانچینی گرێبەستێکی لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە واژۆ کردووە، تاوەکو سێ ساڵی دیکە دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە و مووچەی ساڵانەی 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
⏳🔜📝 Roberto #Mancini to #SaudiArabia as new coach of the National Team. Contract until 2026 (€20M/year). #transfers 🇸🇦 https://t.co/0TySDLsrt6
— Nicolò Schira (@NicoSchira) August 27, 2023
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی ئیقتیسادیە روونیکردووەتەوە، سێپتێمبەری داهاتوو، ستافە ئیتاڵییەکە بە سەرپەرشتی مانچینی دەستبەکار دەبن و رەنگە بۆ یارییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆستاریکا، راهێنەرایەتی سعودیە بکەن.
مانچینی لە بەیاننامەیەکدا، دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا راگەیاند و لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی کۆرێرێ دێلۆ سپۆرت گووتی ”هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە سەرووی کارەکانم بوو، ئەمەش دوای چەندین ساڵ لە کار کردنم لەگەڵیاندا و ئێستا کاتی جیابوونەوەیە”.
تەنیا 10 مانگ بۆ دەستپێکردنی یۆرۆی 2024 ماوە و رۆیشتنی مانچینی، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەی ئازۆری دروست دەکات.