ئاسیاگرنگترین

رەنگە هاندەرانی پێرسپۆلیس بێ بەش بن لە بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ!

Yariga App

یاریگا

لە ئەنجامی تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، لە کۆمەڵەی پێنجەم یانەکانی پێرسپۆلیسی ئێران و نەسڕی سعودی و ئیستیقلولی تاجیکستان و هەروەها دوحێلی قەتەری رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.

یانەی پێرسپۆلیسی ئێران لە یاریگای ئازادی لە شاری تاران میوانداری یانەی نەسڕی سعودی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی و خاوەنی 5 خەڵاتی باڵۆن دەکات، چاوەڕێش دەکرێت هاندەرێکی زۆر لە نێوخۆی ئێران و بگرە لە ناوچەکەش بۆ بینینی دۆن لە رۆژی یارییەکە سەردانی تاران بکەن.

بەڵام ئەوەی ئەم رۆژانە بووەتە بابەتی گەرمی میدیاکانی ئێران، ئامادەنەبوونی یاریگای ئازادیە، ئەو یاریگایە لە سەرەتای دەست پێکردنی وەرزی نوێی خولی نایابی ئێران دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە و کارەکانیشی زۆر بە سستی بەڕێوەدەچن، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی هاندەرانی یانە سوور پۆشەکە.

یاریگای ئازادی تایبەتە بە یانەی پێرسپۆلیس و ئەو یانەیە لەو یاریگایە پێشوازی لە کریستیانۆ رۆنالدۆ و هاورێکانی لە یانەی نەسڕی سعودی دەکات، یاریگای ئازادی شوێنی زیاتر لە 70 هەزار هاندەر دەگرێت و یەکێکە لە یاریگا گەورەکانی جیهان، بەڵام چەند هەفتەیەکە نهۆمی دووەمی یاریگاکا نۆژەن دەکرێتەوە و چاوەڕێش دەکرێت کاتێکی زۆری بوێت بۆ کۆتایی هات بە نۆژەنکردنەوەی، لە کاتێکدا مانگی داهاتوو یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا دەست پێدەکات و ئەستەمە تاوەکو ئەو کاتە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواو بێت.

پێش بەڕێوەچوونی تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، لیژنەیەک لە فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئاسیا سەردانی سەرجەم یاریگاکانی بەشدار بوو لە پاڵەوانتیەکە کرد و ئەو یانانەی یاریگاکانیان گونجاو نەبوو، رێگەیان پێنەدا بەشداری پاڵەوانتیەکە بکەن.

دوای سەردانی لیژنەکەی فێدراسیۆنی ئاسیا بۆ یاریگای ئازادی تاران، لە راپۆرتەکەیان ئاماژەیان بەوە کرد ئەو یاریگایە نهۆمی دووەمی پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، حکومەتی ئەم وڵاتەش بەهۆی کێشە داراییەکان و ئابلوقە داراییەکانی سەر وڵاتەکەی نەیتوانی هیچ کۆمپانیایەکی بیانی بانگهێشت بکات بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە، دواجار بە ناچاری خۆیان دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی کرد و کارەکانیشی زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی نێوخۆی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی پێرسپۆلیس داوایان لە بەرپرسانی فێدراسیۆنی تۆپی پێ وڵاتەکەیان کردووە، هەر هیچ نەبێت بۆ یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، رێگە بە هاندەران بدرێت نهۆمی یەکەمی یاریگاکان بەکار بێنن.

کێشەیەکی دیکەی بەردەوام بەرپرسانی یانەی پێرسپۆلیس ئەوەیە، حکومەتی وڵاتەکەیان تاوەکو ئەم ساتە رێگە بە هاندەرانی ئافرەت نادات لە یاریگای ئازادی ئامادەبن بۆ بینینی یارییەکانی ئەو یانەیە، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرە ئافرەتەکانی ئەو یانەیە بۆ بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بلیتی ئەو یارییە بکڕن، بەڵام تاوەکو ئێستا دوو دڵن، لەبەر ئەوەی رێگەیان پێنادرێت بڕۆنە ناو یاریگاکان بۆ بینینی یارییەکان.

بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا دەست پێبکات، وەکو لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد یانەکانی پێرسپۆلیس و نەسڕی سعودی کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکردایەتی ئەو یانەیە دەکات رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بەڵام وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکە لە یاریگای ئازادی تایبەت بە یانە ئێرانیەکە دیاری نەکراوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button