ئاسیابازاڕی گواستنه‌وه‌سعوودیەگرنگترین

ئۆتاڤیۆ كێیە؟ ئەوەی پێوویستە بیزانیت دەربارەی یاریزانە نوێیەكەی نەسڕ

Yariga App

یاریگا

دوێنێ سێشەممە یانەی نەسڕی سعوودی بەشێوەیەكی فەرمی ئۆتاڤیۆ مۆنتێرۆی پۆرتوگالی گواستەوە ریزەكانی یانەكەی.

هەژماری فەرمی نەسڕ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: ئۆتاڤیۆ بووە بە یەكێك لە ئێمە، باشترین یاریزانی خولی پۆرتوگالی، یاریزانە پۆرتوگالییەكە بە شێوەیەكی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ نەسر واژۆكرد.

رۆژنامەی ریازیەی سعودییە راپۆرتێكی دەربارەی ئۆتاڤیۆ یاریزانە نوێیەكەی نەسڕ سعودی بڵاوكردەوە و تێیدا نووسراوە، ئۆتاڤیۆ ئامادەیە ئاڵنگارییەكی نوێ لەگەڵ یانەی نەسڕی سعوودی و كریستیانۆ رۆناڵدۆی هاونیشتیمانی و هاوڕێی دەست پێ بكات.

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئۆتاڤیۆ لە ساڵی 1995 لە بەڕازیل لەدایك بووە، لەئەمریكای باشوور تۆپی پێ فێر بووە، لە یانەی سانتا كروزی بەڕازیلی دەستی بە یاریكردن كردووە و دواتر پەیوەندی بە ئینتەرناسیۆنالی هەمان وڵاتەوە كردووە.

   ئۆتاڤیۆ درێسی بەڕازیلی پێش پۆرتوگال پۆشیووە:

ئۆتاڤیۆ درێسی هەڵبژاردەی بەڕازیلی خوار 20 ساڵ و خوار 23 ساڵان پۆشیوە، لە ماوەی ساڵی 2014 تا 2015، لە 5 یاریدا گۆڵێکی تۆمار كردووە، دواتر لە ساڵی 2014 لە رێگەی پۆرتۆوە روویكردووەتە پۆرتوگال.

ئۆتاڤیۆ ساڵانێكی زۆر لە یاریگاكانی پۆرتوگال لەگەڵ پۆرتۆ یاری كردووە، بەهۆیەوە ساڵی 2021 پاسپۆرتی پۆرتوگالی وەرگرتووە و بووەتە هاوڵاتی ئەو وڵاتە، بەوەش فێرناندۆ سانتۆس راهێنەری ئەوكاتی پۆرتوگال بانگهێشتی كردووە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی پۆرتوگال بكات.

ئۆتاڤیۆ لە مۆندیالی قەتەڕ نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی كرد:

 ئۆتاڤیۆ رەزامەندی نیشاندا بۆ ئەوەی درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بپۆشێت، 14 یاری بە درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە كردووە و توانیویەتی سێ گۆڵ بكات، دواتر لەلایەن سانتۆسەوە بانگهێشتی لیستی یاریزانەكانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال كرا بۆ یارییەكانی جامی جیهانی 2022ی قەتەڕ.

ئۆتاڤیۆ لە مۆندیالی قەتەڕ سێ یاری لەگەڵ پۆرتوگال كرد، لەگەڵ بێرناردۆ سێلڤا و رۆبن نێڤێش لە هێڵی ناوەند یارییان دەكرد.

ئۆتاڤیۆ لەگەڵ پۆرتۆ:

یاریزانە تەمەن 28 ساڵانەكە لە ساڵەكانی 2014 تا 2023 یاری بۆ یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی كرد و لە وەرزی رابردوو 2022/2023 بە باشترین یاریزانی خولی پۆرتوگالی دەستنیشانكرا.

سەرەڕای ئەوەی پۆرتۆ خولی پۆرتوگالی نەبردەوە بەڵام ئۆتاڤیۆ بە باشترین یاریزانی خولەكە دەستنیشانكرا.

44 یاری ئەنجامدا وەرزی رابردوو توانی حەوت گۆڵ بكات و 13 گۆڵیش بۆ هاوڕێكانی درووست بكات.

ئۆتاڤیۆ بە درێسی نەسڕی سعوودیەوە

ئۆتاڤیۆ لەگەڵ پۆرتۆ 283 یاری كردووە لە سەرجەم پاڵەوانیەتیەكاندا و توانیویەتی 31 گۆڵ بكات و 75 گۆڵیش درووست بكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button