یاریگا –
شێخ جاسم بن حەمەد، گەورە کارسازی قەتەری نزیکە لە کڕینی مانچێستەر یونایتد و بردنەوەی کێبڕکێیەکە لە سێر جیم راتکلیف.
زیاتر لە شەش مانگە، چیرۆکی فرۆشتنی یانە ئینگلیزییەکە لە نێوان شێخ جاسم و سێر راتکلیف دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا چیرۆکەکە بەردەوامە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتێکی زە سەن، خێزانە شاهانەکەی قەتەر، چەند هەنگاوێکی بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسی کڕینی مانچێستەر یونایتد ماوە و کۆی تێچووەکەش دەگاتە 7.9 ملیار دۆلار.
لە راپۆرتەکەدا ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئێستا هەموولایەک لەسەر پڕۆسەکە رازین و رێکەوتێکیش بۆ رادەستکردنی یانەکە بە شێخ جاسم دیاریکراوە.
راتکلیف، ملیاردێرێکی بەریتانییە و رکابەری سەرەکی شێخ جاسمە بۆ کڕینی مانچێستەر و دەرهێنانی لە چنگی ماڵباتی گلەیزەرس، بەڵام لە راپۆرتەکەی زە سەن روونکراوەتەوە، راتکلیف توانای کڕینی تەواوەتی یانەکەی نەبوو و ماڵباتی گلەیزەرس هەر لە نێو پشکەکاندا دەمانەوە.
شێخ جاسم، مانەوەی ماڵباتی گلەیزەرس رەتدەکاتەوە و دەیەوێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی یانەکە بکات و وەبەرهێنانی زۆر لە ژێرخانی وەرزشی یانەکە و یاریگەکەدا بکات. جیا لە گواستنەوەی ئەستێرەکانی تۆپی پێ.