یاریگا –
راهێنەری نەسر ستایشی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کرد و رایگەیاند، وزە ئەرێنییەکەی زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆ تیپەکە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەلایەن لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسرەوە ستایش کرا، بەهۆی گواستنەوەی وزەی ئەرێنی بۆ هاوتیمەکانی، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کریستیانۆ دەتوانێت لە تواناکانی خۆی زۆر زیاتر پێشکەش بکات.
ئەو سوپەرستارە پورتوگالییە بە خۆراکی تەندروست و لەشجوانی ناسراوە. دوو هۆکار کە یارمەتی دەدەن تەنانەت لە تەمەنی 38 ساڵیشدا لە لوتکەدا بمێنێتەوە. لە دوایین حەوت یاری نەسر 6 گۆڵی تۆمار کردووە و هەروەها بە درەوشاوەیی لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی هیلال بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، یانەی نەسری کرد پاڵەوانی جامی شاسەلمان. ئەمە یەکەم جام بوو یانەکە لە دوای گواستنەوەی ئەو ئەستێرەیە بە دەستی هێنا.
کاسترۆ سەرسام بوو بە ئاستی پیشەگەرانەی رۆناڵدۆ و ستایشی کرد و لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی:
سەختە شتێک لەسەر رۆناڵدۆ بڵێیت کە جیهان نەیزانێت. زۆر سەرنجی لەسەر تۆپی پێ و راهێنانی رۆژانەیە. وزەی رۆناڵدۆ بەخێرایی دەگوازرێتەوە بۆ هاوڕێکانی. ئەمەش لە هەموو یارییەکدا دیارە. مەشقەکانی رۆژانەی ئەو بۆ هەموو یاریزانەکان نموونەیە.
کاسترۆ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:
دەتوانێت نمونەیەک بێت بۆ ئەو کارانەی کە لە هەر چرکەیەکی رۆژەکەیدا دەیکات، خواردن، پشوودان، کاتژمێرەکانی خەوتن، کۆنترۆڵکردنی تەواو بەسەر جەستەیدا، هەموو شتێک. لە یاریگادا ئەو یاریزانەیە کە پێویستە ببێت. رۆناڵدۆ دەتوانێت لە سنووری خۆی تێپەڕێت.