کاپتنی بارسێلۆنا ئۆفەری سعودییەکانی رەت کردەوە
یاریگا –
سێرجی رۆبێرتۆ ئۆفەرێکی دارایی باشی سعودیەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند کە لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە.
دوای گواستنەوەی فرانک کیسێ لە بارسێلۆنا بۆ ئەهلی، ئێستا باس لەوە دەکرێت یانەیەکی تری سعودی دەیەوێت کاپتنی یانەی بلووگرانا بگوازێتەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا یانەیەکی عەرەبی وەسوەسەی رۆبێرتۆی کردووە کە بارسا جێبهێڵێت، بەڵام ئەو بژاردەکەی رەتکردووەتەوە. بارسا ئازادی تەواوەتی بە کاپتنە لاوەکەی داوە تا گوێ لە ئۆفەرەکە بگرێت، بەڵام ئەو پێی باشترە بمێنێتەوە و رێز لە گرێبەستەکەی بگرێت.
لەسەرەتای ساڵی رابردوو سێرجی رۆبێرتۆ لەسەر داوای چاڤی هێرناندێز گرێبەستەکەی بۆ یەک وەرز درێژکردەوە. زۆر بەخێرایی بە ئۆفەری درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی رازی بوو، بەو پێیەی هەمیشە بە نیازی وازهێنان بوو لە یانە کەتەلۆنییەکە. راهێنەرەکەی بە پارچەیەکی گرنگی دەزانێت لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا و بەهۆی هەمەلایەنەییەکەیەوە داوای لێکردووە بمێنێتەوە و بەردەوام بێت. چاڤی وەک یاریزانی ناوەڕاست و هەروەها بەرگریکاری راست بەکاریدەهێنێت.
بە پیی هەواڵێکی پێگەی سپۆڕت، یانە سعوودییەکە ئامادەبوو نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەم گواستنەوەیە بدات. بەڵام سێرجی ئەم ئۆفەرەی rەتکردەوە بە هۆکاری تایبەتی و وەرزشی.
رۆبیرتۆ یاریزانێکی زۆر خۆشەویستە لە نێو هاوڕێکانی و لە راستیدا هەمیشە رۆڵی خۆی لە تیپەکەدا قبوڵ کردووە و سەرەڕای کەمی مووچەکەی و ئەوەیکە یاریزانێکی سەرەکی نەبووە لە پێکهاتەکەدا، هەرگیز ناڕەزایەتی دەرنەبڕیوە و هێزێکی پاڵپشتی بەردەوامە. هەروەها بارسا هیچ پێداگرییەکی لەسەر فرۆشتنی ئەو یاریزانە نییە، سەرەڕای کێشە داراییەکانیش هیچ ئارەزووی گواستنەوەی سێرجی بۆ یانە سعودیەکەی نەبووە.