دەرەنجامی کۆبوونەوەی ئێمباپێ و قەتەرییەکان ئاشکرا بوو
یاریگا –
چیرۆکی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، خەریکە کۆتایی دێت و بە گوێرەی نوێترین زانیارییەکان، پاریس سانجێرمان ئامادەیە رێگە بە چوونە دەرەوەی کیلیان بدات.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، ئێمباپێ هەر ریزەکانی جێدەهێڵێت و ئێستا ئامادەیە دەستبەرداری ببێت.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، پاریس ئامادەیە بە بڕی 250 ملیۆن یۆرۆ، رێگە بە چوونە دەرەوەی کیلیان بدات، هەرچەندە تەنیا یەک ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لە سانجێرمان ماوە.
دوای کۆبوونەوەی کیلیان لەگەڵ شاندێکی باڵای قەتەرییەکان، گەیشتنە رێککەوتن و ئێستا پاریس دەیەوێت بە بڕی 250 ملیۆن یۆرۆ، دەستبەرداری ئەستێرە فەرەنسییەکە ببێت.
هەرچەندە پاریس دەزانێت، هێشتا کاتیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی گرێبەستی ئێمباپێ نوێ بکەنەوە، سەرباری ئەمەش، هیچ ئۆفەرێکی فەرمیان پێنەگەیشتووە و ئێستاش گەڕاوەتەوە پێکهاتەی سەرەکی لویس ئێنریکێ.
ریال مەدرید دەزانێت پاریس بە کەمتر لە 250 ملیۆن یۆرۆ، رێگە بە چوونە دەرەوەی ئێمباپێ نادات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ جووڵەیەکی فەرمی نەکردووە.
ئێمباپێ چەندین جار بە ئاشکرا رایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزەش لە پاریس دەمێنێتەوە و دواتر بەبێ بەرامبەر، دەچێتە یانەیەکی دیکە.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا، نوێنەری ئێمباپێ لەگەڵ بەرپرسانی پاریس کۆببێتەوە و پێشبینی دەکرێت، ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان ئامادەی کۆبوونەوەکە ببێت. تاوەکو کیلیان رازی بکەن، گرێبەستەکەی تاوەکو 2025 نوێبکاتەوە.