یاریگا –
هاری کەین، ئەستێرەی نوێی یانەی بایرن میونشن لە یەکەم یاریدا یاسایەکی بۆندسلیگای پێشێل کردووە.
9 رۆژ لەمەوبەر هاری کەینی ئەستێرەی پێشووی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی، بە گرێبەستێکی ژمارە پێوانەیی بە بەهای 100 ملین یۆرۆ لەگەڵ 10 ملیۆنی زیادکراودا گواسترایەوە بۆ یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی.
هەینی رابردوو تیپەکەی کەین، لە یەکەم یاری وەرزی نوێی بۆندسیلگا بەرامبەر بە فێردێر برێمەن یاریکرد، یارییەکە بە ئەنجامی 4 گۆڵی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی بایرن کۆتایی هات، شازادە هاریش توانی گۆڵیک بکات و گۆڵێکیش درووست بکات.
بەڵام ئەمڕۆ رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی لە هەواڵێکی سەرسوڕهێنەردا بڵاویکردووەتەوە، کە ئەستێرە نوێیەکەی بایرن میونشن لەو یارییدا یاسایەکەی خولەکەی پێشێل کردووە و ئەڵقەی هاوسەرگیری لە پەنجە کردووە لە کاتی یاریکردندا.
بەپێی یاسایەکی بۆندسلیگا لە کاتی یاریکردن لەبەرکردنی هەموو جۆرە خشڵ و کانزایەک قەدەغەیە، جا چ گوارە، ملوانکە یان ئەڵقەی هاوسەرگیری بێت.
بەپێی هەمان راپۆرت، ناوبژیوانی یارییەکە تێبینی ئەوەی کردبوو کە هاری کەین ئەڵقەی لە پەنجەیە، بەڵام چاوپۆشی لە یاریزانەکە کردووە چوونکە ناوبراو بە پێچەرێک ئەڵقەکەی پێچاوەتەوە، بەڵام بەو جۆرەش هەر پێشێڵی یاساکەی کردووە و رێگە پێدراو نییە.
هاری کەین لە پرێمەرلیگ بەبێ گرفت ئەڵقەی هاوسەرگیرییەکەی لە پەنجە دەکرد، چوونکە بەپێی یاساکانی پرێمەرلیگ کردنی ئەو کارە رێگەپێدراو بوو.