ئەو یاریزانەی مۆرینیۆ نەیویست ئێستا تێن هاخ داوای دەکات
یاریگا –
ئێریک تێن هاخی راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، رووناکی سەوزی بۆ گواستنەوەی مارکۆ ڤێراتی هەڵکرد.
مارکۆ ڤێراتی لەم هاوینەدا ریزەکانی پاریس سانجێرمان جێدەهێڵێت، مانچستەر یونایتد ئارەزووی خۆی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئیتاڵییە نیشانداوە.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، یانەی مانچێتسەر یونایتد ئامادەکاری بۆ پێشکەش کردنی ئۆفەرێک بە مارکۆ ڤێراتی، یاریزانی پاریس سانجێرمان دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە بەر لە پێنج ساڵ جۆزێ مۆرینیۆ، رێگریکرد لە پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە بە ریزەکانی شەیتانە سوورەکان.
پاش بەسەربردنی 11 وەرز لەگەڵ سانجێرمان، ڤێراتی بڕیاریداوە لەم مێرکاتۆیە ماڵئاوایی لە یانە فەڕەنسییەکە بکات. پاریس یاریزانەکەی خستووەتە لیستی فرۆشتن، هەرزوو یانەی ئەهلی سعودی لەگەڵ پاریس دەستی بە گفتوگۆ کرد بۆ گواستنەوەی یاریزانە ئیتاڵییەکە، بەڵام ئێستا چەند یانەیەکی ئەوروپیش لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی ناوبراو.
پاش رۆیشتنی فرێدی بەڕازیلی و ناڕوونی داهاتووی سکۆت مەکتۆمینەیی و گەڕانەوەی مارسێل سابیتزەر بۆ ئەڵمانیا، هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر یونایتد چۆڵی بەخۆییەوە بینیوە، بۆیە یانەکە لە هەوڵدایە بەزووترین کات ناوەڕستکارێک بگوازێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی لیکیپ، سەرەڕای گرنگی پێدانی یانەی ئەهلی، بەڵام مانچێستەر هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی یاریزانە تەمەن 30 ساڵانییەکە، بەهۆی توانای بەرزی تاکتیکی و گونجانی لەگەڵ پلانەکانی ئێریک تێن هاخدا، راهێنەرە هۆڵەندەییەکە ئارەزوو دەکات یانەکەی گرێبەستەکەی بۆ یەکلایی بکەنەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیش چاوی بڕیووەتە یاریزانەکە و ئارەزووی گواستنەوەی دەکات، هەروەها رافایلا پیمێنتای بریکاری کارەکانی یاریزانەکە ئاشکرایکردووە کە ناوبراو لە ئیتاڵیایش ئۆفەری پێشکەشکراوە و ئەگەری هەیە مارکۆ بگەڕێتەوە نیشتیمان.
بەپێی هەواڵێکی پێگەی مانچێستەر ئێڤنینگ نیوز، لە هاوینی ساڵی 2018 مانچێستەر یونایتد پلانی وابووە گرێبەست لەگەڵ رافایل ڤارانی فەڕەنسی و مارکۆ ڤێراتی ئیتاڵی واژۆ بکات، بەڵام جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی و راهێنەری ئەوکاتی یانەکە ئەو بیرۆکەیەی رەتکردووەتەوە.