کۆنتڕۆڵی پاریس سانجێرمان دەکات و پلانەکانی ڕیاڵ مەدرید لەناو دەبات.. کیلیان ئێمباپێ بەهێزترین یاریزانی جیهانە!
یاریگا
ئەستێرەی فەرەنسا کۆنترۆڵی هەموو کەسێک دەکات!
کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی فەرەنسی پاریس سانجێرمان بە ئارەزووی خۆی کۆنترۆڵی بازاری گواستنەوە دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کێبڕکێیەکی بەهێز لە نێوان یانەکەی کە پاریس سانجێرمانە و ریال مەدرید هەیە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەو یاریزانە.
ئێمباپێ گەڕایەوە مەشق و ڕاهێنانەکانی پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی لە یەکەم یاری یانەکەی بەرامبەر لۆریێنت دوورخرایەوە و یارییەکەش بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، بۆیە کارگێری یانە پاریسیەکە بڕیاریاندا لە یاریزانەکەیان خۆش بن و بیگەڕێننەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانەکان، چونکە پێویستیان پێیەتی.
لویس ئێنریکی ڕاهێنەری پاریس سانجێرمان ڕایگەیاند هێشتا هیوادارە کێشەکانی نێوان یانەکەی و ئێمباپێ چارەسەر بێت و لەگەڵ ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکەش رێکبکەوێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە یانەکە لە سەرووی هەموو تاکێکەوەیە، ڕۆژانی ڕابردووش بێ گومان سەلماندوویانە کە کیلیان ئێمباپێ گەورەترە لە تیپی پاریس سانجێرمان و ڕەنگە بەهێزترین یاریزانی یانەکە بێت.
ئەم راپۆرتەی ماڵپەری گۆڵ بەم شێوەیە باس لە بەهێزی و گرنگی کەسایەتی کیلیان ئێمباپێ دەکات:
ئێمباپێ بە تەواوی ئاگاداری بەهای خۆیەتی
دوای ئەوەی یەکەم یاری پاریس سانجێرمان لە خولی فەرەنسی بە یەکسانبوون بە بێ گۆڵ کۆتایی هات، بەیانیەکەی یانەکە بڕیاریدا هەلێک بە ئێمباپێ بدات سەرەڕای کێشە گەورەکان بەڵام بڕیاریدرا لێخوۆشبوون بۆ ئەو یاریزانە بکرێت و بگەڕێتەوە مەشق و ڕاهێنانەکان، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە شازادەکان بەبێ ئەو یاریزانە ئەستەمە بتوانن کێبڕکێیەکی باش بکەن.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی پاریس سانجێرمان بۆ ڕازیکردنی ئێمباپێ بۆ مانەوەی لەگەڵ تیپەکە و پێشکەشکردنی بڕە پارەیەکی زۆر، یان ناچارکردنی دوای دوورخستنەوەی لە گەشتە ئامادەکارییەکەی تیپەکە بۆ ئاسیا، وێنەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگاکە لاببات، هەڵگرتنی فرۆشتنی درێسەکانی لە فرۆشگای یانەکە، هەروەها رەتکردنەوەی ئۆفەرە خەیاڵیەکەی یانەی هیلالی سعودی، بەڵام لەم هاوینەدا ئێمباپێ لە بەرامبەر هەموو ئەم شتانەدا بە توندی وەستایەوە و هەڵوێستی خۆی نەگۆڕی.
کارەکانی مباپێ گوزارشت لە زانینی بەهای خۆی و گرنگییە گەورەکەی لە پرۆژەی پاریس سانجێرمان دەکات.
بناغەی پڕۆژەی یانەکە
ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکە هەر لە سەرەتاوە ئێمباپێ کردە “بەردی بناغەی پڕۆژەی یانەکە” و یانەکە بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت، نەک تەنها لەسەر ئاستی وەرزشی، بەڵکو لە هەموو ئاستێکدا.
ئاشکرایە کە خاوەنەکەی پاریس سانجێرمان پێیوایە بەبێ ئێمباپێ ناتوانن ڕکابەری لەسەر جامەکان بکەن.
لەئەنجامی چوونی لیۆنێل مێسی و نێیماریش لەم هاوینەدا، ئێمباپێ مانەوەی و گرنگترین هێمای براند و پڕوپاگەندەکەیانە، هەرچەندە دەتوانن لە ڕێگەی ئەو پارەیەی کە لە فرۆشتنەوە بەدەستی دەهێنن، تیپێکی باشتر و یەکگرتووتر و کاریگەرتر بنیات بنێن، بەڵام ئەوان ڕەتیدەکەنەوە وازی لێبێنن سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە ئارەزووی ڕۆیشتنی هەیە.
مباپێ و خێزانەکەی هەموو ئەوانە دەزانن و هەر بۆیە پابەند دەبن بە بۆچوونەکەیانەوە تا ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن.
هەروەها ڕیال مەدرید ناچار دەکات چاوەڕێ بکات
سەرەڕای ئەوەی هاوینی ڕابردوو لەنێوان ئێمباپێ و ریال مەدرید روویدا، بەڵام هێشتا یانە شاهانەکە بەردەوامە لەسەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە، بەڵام ئەمجارەش ئێمباپێ بڕیار دەدات کەی دەچێتە مەدرید.
ڕەنگە ئێمباپێ جارێکی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان نوێبکاتەوە، بەڵام ئەگەر وابکات ئەوە بە مەرجەکانی دەبێت، کەسیش سەری سوڕنابێت ئەگەر ئێمباپێ بتوانێت پاریس سان جێرمان ڕازی بکات کە بڕگەیەک لە گرێبەستەکەی زیاد بکات، بۆ ئەوەی هاوینی 2024 رێگەی پێبدەن یانەکەی جێبێڵێت.
ئێمباپێ نەک تەنها لە ژیانی وەرزشیدا بەڵکو لە بازاڕی گواستنەوەشدا کۆنترۆڵی خۆی نیشان دەدات وەک ئەوەی پێشتر نەمانبینیوە، کەمێک بەختی هەبووە بەرامبەر ئەستێرەکانی تر، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ناچار بوو بچێتە سعودیە چونکە کەس ئەوی نەدەویست لە ئەوروپا و لیۆنێل مێسی بەهۆی کێشەی دارایی ناچار بوو ئەمریکا هەڵبژێرێت. بەڵام ئێمباپێ لە دۆخێکدایە کە هەرچی بیەوێت بیکات و بڕیار بدات چی باشترینە بۆی.
وە ئەگەر ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە، ئەوا ڕیال مەدرید دەبێت لەم هاوینەدا هێرشبەرێک بگوازێتەوە، بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر ئێمباپێ پاریس بەجێبهێڵێت، دەبێت جێگرەوەیەک لە ئاستی ئەودا پاریس بدۆزێتەوە و لە هەر دوو حاڵەتدا ئێمباپێ تاکە کاتالیستێکە لەم شەڕەدا تا ئێستا.
بیرکردنەوەکانی ئێمباپێ
ئێمباپێ سەرنجی لەسەر ئەوەیە بزانێت پاریس سانجێرمان ئامادەیە چی پێشکەشی بکات بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی.
یانەکە هاوینی ڕابردوو ئەوەی ئێمباپێ ویستبووی کردی، ئەمجارەیان نێیماریان لەسەر داوای ئەو بەرێکرد، هاوکات عوسمان دێمبلی هاوڕێ نزیکەکەیان گواستنەوە ریزەکانیان، هەروەها دەست نیشانکردنی راهێنەرێک کە بە دڵی ئەو بێت.
ئێستا بەهۆی “گفتوگۆی زۆر بنیاتنەر و ئەرێنی” نێوان هەردوولا و گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ مەشق و ڕاهێنانە کۆمەڵەکان هەموو بەربەستەکان کۆتاییان هاتووە، هەرچەندە تا ئێستا چارەنووسی یاریزانەکە ناڕوونە سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕیاریداوە ئەم هاوینە لە یانەکەی بمێنێتەوە و یان دەڕوات.