رۆژنامەی سپۆرت هەڵوێستی ریال مەدرید لە گواستنەوەی ئێمباپێ ئاشکرا دەکات
یاریگا –
ریال مەدرید کەوتووەتە دۆخێکەوە، دەیەوێت خۆی لە کەیسی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان یەکلایی بکاتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بڕیاری کۆتاییداوە، ئەگەر ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێبکاتەوە، سەرەڕای بوونی مەرجێک بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لە هاوینی 2024 بۆ مەدرید، بەڵام چیدیکە نابێتە ئامانجی فلۆرێنتینۆ پێرێز.
رۆژنامەکە کاتالۆنییەکە نووسیویەتی
ئەگەر ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێ بکاتەوە، ئەوا ریال مەدرید بە بنچینەیی بیر لە بابەتەکە دەکاتەوە و تاهەتایە دایدەخات و هەوڵ بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێکی دیکە دەدات. لە سەرووی هەموویانەوە، ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی.
سەرەڕای زیادبوونی دەنگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس، کەچی تاوەکو ئێستا ریال مەدرید پێی وانییە، کیلیان هەنگاوێکی لەم جۆرە بنێت، سەرباری ئەوەی مەدرید لەم بابەتە تاقەتی پڕووکاوە و دەیەوێت کێشەکانی هێڵی پێشەوە بە تەواوی چارەسەر بکات. ریال مەدرید گرەو لەسەر گواستنەوەی ئێمباپێ بە خۆڕایی دەکات.
پاریس سانجێرمان، گەڕانەوەی ئێمباپێی بۆ مەشقە بە کۆمەڵەکانی یانەکەی راگەیاند، ئەمەش دوای دوورخستنەوەی لە گەشتی ئاسیا و بەشداری نەکردنی لە یەکەم یاری وەرزی نوێی لیگ وەن.
ئێمباپێ سەرەڕای هەموو پێشهاتەکان دەیەوێت ئەم وەرزە لە پاریس بمێنێتەوە و هاوینی داهاتووش ریزی یانە پاریسییەکە جێبهێڵێت، ئەمەش ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەکەی تووڕە کردووە و دووپاتیکردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئێمباپێ بەبێ بەرامبەر پاریس جێبهێڵێت.