ئینگلتەراراپۆرتی تایبەت

محەمەد سەڵاح نزیکە لە تۆمارکردنی دوو ریکۆردی مێژوویی

Yariga App

یاریگا –

محەمەد سەڵاحی میسڕی و هێرشبەری لیڤەرپوول، چاوی لەوەیە بەرامبەر چێڵسی دوو ریکۆردی مێژوویی تۆماربکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی یارییەکانی گەڕی یەکەمی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، لە کاتژمێر 6:30 خولەک بە کاتی کوردستان، چێڵسی لە یاری لوتکەی ئەم گەڕە لە یاریگای ستامفۆرد بریج میوانداری لیڤەرپوول دەکات.

ئەستێرە میسڕییەکە چاوی لەوەیە بەرامبەر چێڵسی لانیکەم گۆڵیک بکات بۆ ئەوەی ببێت بە یەکەم یاریزان بە درێژایی مێژووی پرێمەرلیگ لە 7 وەرزی بەدوای یەکدا لە یاری دەستپێک گۆڵ بۆ یانەکەی بکات.

لەوکاتەی سەڵاح لە هاوینی 2017 وە لە رۆمای ئیتاڵییەوە گواستراوەتەوە بۆ لیڤەرپوول، لە 6 وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ بەدوای یەکدا لە یاری دەستپێک گۆڵی بۆ رێدز کردووە.

جیا لەوە محەمەد سەڵاح دەیەوێت بە کردنی گۆڵێک ریکۆردێکی دیکەش بشکێنێت، کە ئەویش کردنی زۆرترین گۆڵە لە یارییەکانی دەستپێکی خولەکە.

سەڵاح لە 6 وەرزی رابردوو لە یارییەکانی دەستپێکی پرێمەرلیگ 8 گۆڵی کردووە، بە هاوبەشی لەگەڵ فرانک لامپارد، ستێڤن جێرارد و ئالان شیرەر خاوەنی زۆرترین گۆڵە لەو بۆنەیەدا، بەڵام ناوبراو چاوەی لەوەیە ئەرو ریکۆردە بشکێنێت و تەنیا بەناوی خۆی تۆماری بکات.

هەر بۆیە هێرشبەرە تەمەن 31 ساڵانییەکەی لیڤەرپوول، بە کردنی گۆڵیک دژی چێڵسی، دەبێت بە یەکەم یاریزان لە مێژوودا کە 9 گۆڵ لە یارییەکانی دەستپێکی پرێمەرلیگ بکات.

چێڵسی یەکەم یانەیە کە محمد سەڵاح زۆرترین جار رووبەڕووی بووەتەوە کە 21 یاری دژی یانەکەی پێشووی کردووە، 7 گۆڵی کردووە و 2 گۆڵیشی درووست کردووە، بەرامبەر بلوز خاوەنی 9 بردنەوەیە، لە 6 یاری دۆڕاوە و 6 یاریش بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.

هەردوو یانە ئامانجیانە وەرزی رابردوو لەیاد بکەن، کە هیچکامیان نەیانتوانی سەربکەون بۆ چامپیۆنزلیگ و وەرزێکی شەرمەزارکەریان بەڕێکرد. ئەمە لە کاتێکدایە لیڤەرپوول پلەی پێنجەمی خولەکەی بەدەستهێنا و بلیتێکی یۆرۆپالیگی مسۆگەرکرد، بەڵام چێڵسی لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندی خولەکە کۆتایی بە وەرزەکە هێنا.

دوای دوورخرانەوەی فڕانک لامپارد، ماوریسیۆ پۆچێتینۆی ئەرجەنتینی وەک راهێنەری نوێی چێڵسی سەرکردایەتی تیپەکە دەکات، کە پێشتر لە ساڵی 2014 تا 2019 راهێنەری تۆتنهام بووە لە خولەکەدا.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە چوار یارییە بەدوای یەک هیچ یانەیەکیان نەیتوانیوە تۆڕی گۆڵی ئەوەکەی دیکەیان بهەژێنێت و هەر چوار یارییەکە لە کاتی ئاسایی بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هاتووە. بەڵام لیڤەرپوول دوو یارییان بەلێدانی یەکلاکەرەوە بردووەتەوە.

هەردوو یاری نێوانیان لە وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ بەبێ گۆڵ کۆتاییان هات، کۆتا جاریش کە لە یارییەکی نێوانیان گۆڵکرا لە بەرواری 2/1/2022 بوو کە یارییەکە بە ئەنجامی 2-2 کۆتایی هات، محەمەد سەڵاح و سادیۆ مانێ گۆڵەکانی رێدزیان کرد، کۆڤازیچ و پۆڵیسیچیش خاوەن دوو گۆڵەکەی بلوز بوون.

لە مێژوودا لیڤەرپوول و چێڵسی لە 194 یاری رووبەڕوو بوونەتەوە، کە یەکەم یاری نێوانیان لە ساڵی 1907 بووە، رێدز لە 84 یاری سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، کۆتا بردنەوەی یانەکە بەرامبەر چێڵسی لە 20ی ئەیلولی 2020 بوو، کاتێک بە ئەنجامی 2-0 یارییەکەی بردەوە.

چێڵسیش لە 65 یاری سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، دوایین بردنەوەی بلوزیش دەگەڕێتەوە بۆ بەرواری 4ـی ئازاری 2021 کە یارییەکەی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر بردەوە، هەردوو یانە لە 45 یاریشدا یەکسانبوون.

بابەتی زیاتر

Back to top button